ئیسرائیل پلانی هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر ئامانجەکانی حزبوڵڵا لە لوبنان دادەڕێژێت

"پلانی هێرشی بەرفراوان بۆ سەر حزبوڵڵا ئامادەیە و ئەمەریکاش ئاگادار کراوەتەوە"

سوپای ئیسرائیل بە فەرمی پلانی هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر تەواوی پێگەکانی حزبوڵڵا لە خاکی لوبنان پەسەند کرد، ئەمەش وەک دوا کارت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکە ئەگەر بێتو حکوومەتی لوبنان لە پرۆسەی چەککردنی ئەو گرووپە شکست بهێنێت.

هەینی، 12ـی کانوونی یەکەمی 2025، دەستەی پەخشی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، وڵاتەکە بە فەرمی پلانی هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر تەواوی پێگەکانی حزبوڵڵا لە خاکی لوبنان پەسەند کردووە.

بە پێی زانیارییەکانی دەستەی پەخشی ئیسرائیل، ئەم پلانەی سوپای وڵاتەکە، وەک دوا کارتی فشارە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکە ئەگەر بێتو حکوومەتی لوبنان، لە پرۆسەی چەککردنی حزبوڵڵا شکست بهێنێت.

دەستەکە ئاماژەی بەوە دا، پلانەکە لە لایەن فەرماندەیی باڵای سوپا، بە هەماهەنگی لەگەڵ هەواڵگری و ژووری ئۆپەراسیۆنەکان داڕێژراون و ئامادەی جێبەجێکردنن.

ئیسرائیل وادەی کۆتایی ئەمساڵی بۆ حکوومەتی لوبنان دیاریی کردووە تاوەکو بە پێی ڕێککەوتنی ئاگربەست، چەک لە دەستی حزبوڵڵا دەربهێنێت.

هاوکات وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەو سیناریۆیە، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا مانۆڕی چڕوپڕی بە بەشداریی جۆرە جیاوازەکانی فڕۆکەی جەنگی لە ئاسمانی ناوچەکە و سەر دەریای ناوەڕاست ئەنجام داوە.

 

ئاگادارکردنەوەی ئەمەریکا

سەرچاوەیەکی ئەمنیی باڵای ئیسرائیل ئاشکرای کرد، کە بە ڕوونی ئەمەریکایان ئاگادار کردووەتەوە، ئەگەر حزبوڵڵا چەک نەکرێت، ئیسرائیل خۆی ئەو کارە دەکات، تەنانەت ئەگەر باجەکەی هەڵگیرسانی شەڕێکی بەرفراوان بێت لە بەرەی باکوور.

لای خۆیەوە، واشنتن ئەم پەیامە هەڕەشەئامێزەی گەیاندووەتە بەیرووت، بەڵام بەرپرسانی لوبنان جەختیان کردووەتەوە، پرۆسەی چەککردنی حزبوڵڵا پرۆسەیەکی ئاڵۆزە و پێویستی بە کاتی زیاترە.

 

"حزبوڵڵا ڕەتی دەکاتەوە چەک دابنێت"

لە کاردانەوەیەکدا، یوسف ڕەجی، وەزیری دەرەوەی لوبنان دانی بەوەدا نا کە وڵاتەکەی هۆشداریی نێودەوڵەتی و عەرەبی پێگەیشتووە سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی ئیسرائیل بۆ هێرشکردن.

ڕەجی لە لێدوانێکی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاند: سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانمان، حزبوڵڵا ڕەتی دەکاتەوە چەکەکەی ڕادەست بکات.

وەزیرەکەی لوبنان ڕەخنەی توندی ئاراستەی حزبوڵڵا کرد و گوتی: "ئەو چەکە بێسوودیی خۆی لە بەرگریکردن لە لوبنان و پشتیوانیی غەززە سەلماند و تەنیا بووە هۆی پەلکێشکردنی داگیرکاریی ئیسرائیل بۆ خاکەکەمان".

بە پێی زانیارییەکانی میدیا لوبنانییەکان، ئێستا جووڵەیەکی دیپلۆماسیی چڕ لە ئارادایە، بۆ پاراستنی دامەزراوەکانی لوبنان لە هەر گورزێکی وێرانکەر و هەوڵدان بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی ئاگربەست.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل