کوردستان فاوەندەیشن: 500 خێزانی چەمچەماڵمان بەسەرکردەوە و دوو قوتابخانەش نۆژەن دەکەینەوە
ڕێکخراوی کوردستان فاوەندەیشن ڕایگەیاند، هەر لە سەرەتای دروستبوونی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵەوە تیمەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و جگە لە دابەشکردنی سووتەمەنی و پێداویستی بۆ 500 خێزان، ئەرکی نۆژەنکردنەوەی دوو قوتابخانەی لە ئەستۆ گرتووە.
هەینی 12ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئەحمەد سەفا نووروڵڵا، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان لە ڕێکخراوی کوردستان فاوەندەیشن بە کوردستان24 ڕایگەیاند، تیمەکانیان کە لە کارمەندەکان و زیاتر لە 60 خۆبەخش پێکهاتوون، بە هەماهەنگی لەگەڵ یەکە ئیدارییەکان و ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەکان (JCC) دەستبەجێ دەستیان بە هەڵسەنگاندنی زیانەکان کردووە.
ئەحمەد سەفا ئاشکرای کرد، تا ئێستا نەوت و سۆپایان بەسەر زیاتر لە 500 خێزانی زیانلێکەوتوودا دابەش کردووە، جگە لەوەی تیمەکانیان سەرقاڵی پاککردنەوەی ماڵ و گەڕەکەکانن لەو قوڕ و لیتاوەی بەهۆی لافاوەکەوە دروست بووە، بەتایبەتی لە سەنتەری شارۆچکەی چەمچەماڵ و ناحیەی تەکیە.
سەبارەت بە زیانەکانی کەرتی پەروەردە، بەرپرسەکەی کوردستان فاوەندەیشن گوتی: قوتابخانەی قەندیل لە ناحیەی تەکیە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە و دەستبەجێ دەستمان کردووە بە نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکە.
دەشڵێت: تەنیا نۆژەنکردنەوەی بیناکە نییە، بەڵکوو تەواوی پێداویستییەکان لە ڕەحلە و کتێبەوە تا دەگاتە جانتا و پێداویستی قوتابییان لە ئەستۆ دەگرین بۆ ئەوەی بە زووترین کات دەوام تێیدا دەست پێ بکاتەوە.
ئەحمەد سەفا ئاماژەی بەوە دا، هاووڵاتییانی سنوورەکە سوپاسگوزاری ئەو هاوکارییانەن کە پێشکەشیان کراوە و ڕایگەیاند: خەڵکەکە شایەتی ئەوە دەدەن کە ئەو دوو لایەنەی بە کردار و بە شێوەیەکی کاریگەر بە دەمیانەوە چوون، ڕێکخراوی کوردستان فاوەندەیشن و دەزگای خێرخوازیی بارزانی بوون.
هەروەها کوردستان فاوەندەیشن ڕاگەیەندراوێکی لەو بارەوە بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، لەدوای سەردانی مەیدانی وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەری کوردستان فاوندەیشن بۆ قوتابخانەی قەندیلی بنەڕەتی لە ناحیەی تەکیە، هەڵسەنگاندن بۆ زیانەکانی قوتابخەنەکە ئەنجامدرا و بڕیارماندا قوتابخانەکە نۆژەن بکەینەوە.
دەشڵێت: تیمە خۆبەخشەکانمان قوتابخانەکەیان خاوێنکردەوە و باڵەخانەکەیان بۆ قۆناغی نۆژەنکردنەوە ئامادە کرد، ئاماژەشی داوە، کوردستان فاوندەیشن جیا لەم قوتابخانەیە، قوتابخانەی ئارینی کوڕانیش لە شاری سلێمانی نۆژەن دەکاتەوە و لەپێناو دانەبڕانی نەوەکانی داهاتوومان لە خوێندن، بە زووترن کات هەردوو قوتابخانە نۆژەندەکرێنەوە و دەرگای پۆلەکان بەڕووی قوتابیاندا دەکرێنەوە
