یەكێتی ئەوروپا: چاوەڕێی گۆڕانین لە ھەڵوێستی توركیا
"ئەوروپییەكان لەسەر دوو رێڕەو كار دەكەن"
K24 – ھەولێر:
نوێنەری باڵای ئاساییش و سیاسەتی دەرەوە لە یەكێتی ئەوروپا، جۆزێب بۆرێل، ئەمڕۆ چوارشەممە، ئۆمێدی خواست، لە رۆژانی داھاتوودا گۆڕانكاری لە ھەڵوێستی توركیا لەو رەفتارانەی ئەم دواییدا بكرێت.
بۆرێل جەختیكردەوە لەوەی "ھێشتا چاوەڕێیە ئەنقەرە ئاماژەی ئەرێنی بۆ یەكێتی ئەوروپا بنێرێت، بهر لهوهی لوتكەی ئەوروپایی لە رۆژانی 10 و 11 مانگی داھاتوو بهڕێوهبچێت".
وەك ئاژانسی ھەواڵی ئیتالیایی "ئاكی" باسیكرد، لەو لوتكەیەدا سەركردەكانی 24 وڵاتی ئەندام رەفتارەكانی توركیا، بەتایبەتی لە رۆژھەڵاتی دهریای ناوهڕاست دەخەنە ژێر باس و بڕیاری گونجاو سەبارەت بە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئەنقەرە دەدەن.
ئاژانسەكە ئاماژەیكردووە، ئەوروپییەكان لەسەر دوو رێڕەو كار دەكەن و بڕیارەكانی حكومەتی توركیا لە رۆژانی داھاتوودا دەستنیشانی یەكێكیان دەكات، یان "بەرەو رێڕەو و گفتوگۆیەكی ئەرێنی لە نێوان ھەردوو لایەندا، یانیش "رۆیشتن بە ئاراستەی گرتنەبەری رێوشوێنەكان و كۆت وبەند؛ ئەگەر ئەنقەرە لەسەر رهفتاره ھەراسانكارییەكانیبەردەوام بێت".
وەزیری دەرەوەی ئیتالیا، لویجی دی مایو ئاماژەی بە "زیادبوونی رۆڵی توركیا لە رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست" كرد و روونیكردووە، ئەم كارەی "رەنگدانەوەی نەك تەنھا لەسەر بنەچە سیاسییەكانی لیبیا دەبێت، بەڵكو لەسەر قوبرس و عێراق و سوریاش دەبێت و بەشێوەیەكی گشتی لەسەر ھاوكارییه ھەرێمییهكان لە بواری وزەدا دەبێت".
لە دانیشتنی كردنەوەی كۆڕەبەندی ساڵانەی گفتوگۆكانی دەریای ناوەڕاست، كە لهڕێگهی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە ئەنجامدرا، وەزیری دەرەوەی ئیتالیا گوتی: ئەگەر توركیا ھاوبەھا و ھاوبەرژەوەندە لەگەڵ دەوڵەتانی دەریای ناوەڕاست، ئهوا پێویسته ئهنقهره بەشدارییەكی بەرجەستە پێشكەش بكات بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئاساییش لە ناوچەكەدا، كه بتوانرێت پێشبینیی بكرێت".
سەرچاوە: "رووسیا الیوم"