هاتوچۆی هەولێر: ئەو ئۆتۆمبێلەی لە تونێلی پیرمام وەرگەڕا و گڕی گرت تابلۆکەی بەغدایە
هاتوچۆی هەولێر ڕایگەیاند، ئەو ئۆتۆمبێلەی لەناو تونێلی پیرمام گڕیگرت، تەکسیێکی ژمارە بەغدا بووە، جەختیش دەکاتەوە، ئۆتۆمبێلەکە سیستەمی غازی بۆ بەستراوە و هەر ئەمەش وایکردووە، دوای ئەوەی وەرگەڕاوە، گڕبگرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 15ـی کانوونی یەکەمی 2025، هاتوچۆی هەولێر لە ڕاگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەو ئۆتۆمبیلەی ڕۆژی هەینی ڕێککەوتی 12/12/ 2025 لەناو تونێلی پیرمام وەرگەڕا و دواتر گڕیگرت، ئۆتۆمبیلێکی جۆری تەکسی و ژمارە بەغدا بووە.
لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە پشکنینی pvi هەولێر هیچ ئۆتۆتۆمبیلێکی ژمارە هەولێر پشکنینی بۆ ناکرێت، کە سیستەمەکەی لە بەنزینەوە کرابێت بە غاز ، ئەگەر پشتگیری سەلامەتی و دڵنیایی کۆمپانیای دروست کەری سیستەمی غازی پێنەبێت .
هەینی ڕابردوو ئۆتۆمبیلێک لەناو توونێلی پیرمام دوای ئەوەی شۆفێرەکەی کۆنترۆڵی لەدەستدا و وەرگەڕا، دواتر گڕیگرت، بەوهۆیەوە شوفێرەکەی گیانی لەدەستدا.
