ماوەی دەستووری یەکلایی کردنەوەی پۆستی سەرۆکایەتییەکانی عێراق کەی کۆتایی دێت؟
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق داوا لە لایەنەکان دەکات، لە وادەی دەستووریدا پۆستی سەرۆکایەتییەکانی عێراق یەکلایی بکەنەوە، سەرچاوەیەکی سیاسیش بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، گفتوگۆی نێوان لایەنەکان بەردەوامە و ڕەنگە هێندە بە ئاسانی لایەنەکان لەو وادەیە نەگەنە ڕێککەوتن.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە ڕاگەیەندراوێکدا داوا لە لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکات، بەگوێرەی دەستوور لەماوەی 15 ڕۆژی داهاتوودا سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەی هەڵبژێرن، هەروەها سەرۆک کۆماری وڵات لەماوەی 30 ڕۆژدا دیاری بکرێت.
سەبارەت بە دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانیش، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە ،بەپێی دەستوور دەبێت لە ماوەی 15 ڕۆژ دوای دیاریکردنی سەرۆک کۆمار، کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دیاری بکرێت و سەرۆک وەزیرانی نوێش لە 30 ڕۆژ کابینەی حکومەت پێک بهێنێت.
لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق و هەڵبژاردنی یەکەم پەرلەمانی لەو وڵاتە، لایەنە سیاسییەکان بەردەوام لەسەر دیاریکردنی سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران کێشەی زۆریان هەبووە و نەیانتوانیوە لە وادەی دەستووریدا ئەو پۆستانە یەکلایی بکەنەوە، عارف حەمامی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەو بارەوە ڕایگەیاند، گفتوگۆکان بۆ دیاریکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران لەنێو هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەردەوامە و ڕەنگە لە چەند هەفتەی داهاتوودا ئەو پرسە یەکلایی ببێتەوە و هەمووان لەسەر کاندیدکردنی کەسێک ڕێکبکەون.
لە لایەکی دیکەوە سەرچاوەیەکی سیاسی لەبارەی ڕێککەوتنی لایەنەکان لەسەر دیاریکردنی هەریەک لە سەرۆکایەتییەکانی عێراق بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، گفتوگۆی لایەنەکان لەسەر پۆستی سەرۆکایەتییەکان، تاوەکوو ئێستا زۆر ئاڵۆزە و سەختە لایەنەکان لەو وادە دەستوورییە لەسەر دیاریکردنی سەرۆکایەتییەکان ڕێککەون؛ ئاماژەی بەوەش داوە، دەبێت لایەنەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن سازش بۆ یەکدی بکەن.
لە 11ی مانگی ڕابردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، لە 17ـی هەمان مانگ، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەسند کرد، دوای ئەوەی ئەنجامەکان بۆ دادگای فیدراڵی نێردران، دوێنێ یەکشەممە دادگای فیدراڵیش ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی پەسند کرد.
