ئێران؛ لە دوو هێرشی چەکداریی جیاوازادا چوار کەس کوژران

لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداریدا لەنێوان کەسانی نەناسراو و پۆلیسی بازگەی هاتنە ناوەوەی شارۆچکەی فەهرەج لە پاریزگای سیستان و بەلوجستان، چوار کەس کوژران.

سێشەممە، 16ـی کانوونی یەکەم 2025، بارەگای قودسی هێزی زەمینیی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند «لەو ڕووبەڕووبوونەوەیەدا سێ ئەندامی هێزە ئەمنییەکان و هاوڵاتییەکی سڤیل کوژراون." 

لە ڕاگەینراوەکەی بارەگای قودسی هێزی زەمینیی سوپادا هاتووە "چەکدارانی نەناسراو لە ئۆتۆمبیلێکەوە بە توندی تەقەیان لە بازگەکە کردووە و ئێستا لایەنە ئەمنییە پەیوندیدارەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە ڕووداوەکە."

هاوکات، لە نزیک شارۆچکەی ئێرانشەهر، ئۆتۆمبیلێکی سەر بە دەزگای ئیتلاعات کەوتە کەمینی چەکدارانەوە و  لە ئەنجامدا ژمارەیەکیان کوژراو و بریندار بوون. بەڵام تا ئێستا ئامارێکی ڕوون دەربارەی قوربانییەکان ڕانەگەیەنراوە. 

هەفتەیەک پێش ئێستا، لە پێکدادانێکی هاوشێوەدا، چوار ئەندامی هێزە ئەمنییەکان لە زاهیدان کوژران. 

تا ئێستا ناسنامەی چەکدارە هێرشبەرەکان ئاشکرا نەکراوە و هیچ گرووپ، یان ڕێکخراوێک بەرپرسیارییەتی ئەم هێرشەی لەئەستۆ نەگرتووە.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل