سەدر بڕیاری سڕکردن و داخستنی بارەگاکانی سەرایا سەلامی دەرکرد

موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر
موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر

موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر، بڕیاریدا لە هەردوو پارێزگای بەسرە و کوت، هەموو چالاکییەکانی ڕێکخراوی سەرایا سەلام سڕ بکرێن و سەرجەم بنکە و بارەگاکانیشی دابخرێن.

میدیاکانی عێراق پەیامێکی موقتە سەدریان بۆ تەحسین حمێداوی بڵاوکردووەتەوە، کە تیایدا فەرمانی سڕکردن و داخستنی بارەگاکانی سەرایا سەلامی بۆ ماوەی شەش مانگ دەرکردووە.

تەحسین حمێداوی، کە بۆ سەرپەرشتی ڕێکخراوی سەرایا سەلام، جێگری موقتەدا سەدرە،  لەو فەرمانەی ئاراستەی کراوە، سەدر پێی ڕاگەیاندووە، بڕیارەکە جێبەجێ بکات تا ئەو کاتەی ڕێگەچارەیەک بۆ سنووردانان لەبەردەم خراپ بەکارهێنانی ناوبانگی موجاهیدەکانی سەرایا سەلام دەدۆزنەوە، تەنانەت ئەگەر لەلایەنی سێیەمیشەوە بێت.

سەدر جەختیکردووەتەوە لەوەی، ناوبانگی سەرایا سەلام بۆ ئەو زۆر لە بوونی گرنگترە.

موقتەدا سەدر لە فەرمانەکەیدا، ڕێز و خۆشەویستی خۆی بۆ ئەندامەکانی ڕێکخراوی سەرایا سەلام دەربڕیوە و داوای لێکردوون لە ئاست ئەو پێشێلکاری و هەوڵە ئاژاوەگێڕیانە هۆشیار و چاوکراوە بن، کە لەلایەن گەندەڵەکان و هاوشێوەکانیان دەدرێن.