زیقار.. 20 ساڵە بێ ئەوەی خزمەت بکرێن، پارەی خزمەتگوزاری دەدەن
لەگەڵ هەر بارانبارینێک ناوچەی پیشەسازی شارۆچکەی شەترە لە زیقار دەبێتە یەک پارچە قوڕ و لیتەو ناڕەحەتی و ئاستەنگی هاتوچۆ بۆ هاووڵاتییان درووست دەبێت و ئۆتۆمبێلەکانیان بە ئەستەم دەردەچن.
کاسبکارانی ناوچەکە دەڵێن؛ ناوچەی پیشەسازی شەترە هێندەی قوڕ و لیتە لێیە، خەڵک گەر ئۆتۆمبێلەکانیشیان تێک بچێت نایەن چاکی بکەنەوە، بەو هۆیەوە کاری پیشەوەرانیش تەواو ڕووی لە کەمی کردووە.
پیشەوەرێک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند؛ ناوچەی پیشەسازی شەترە تەواو پشتگوێخراوە، ئێمە بە زستان و بە هاوینیش هەر داد و بێدادمانە بەهۆی قوڕ و تۆزەوە، بەڕاستی بێزاربووین. چوار ساڵە کەس نەهاتووە بە هانامانەوە. زۆرینەی جار بەهۆی قوڕی زۆر ناتوانین دووکان بکەینەوە و جووڵە لێرە دەوەستێت.
پیشەوەرێکی دیکە دەڵێت: 20 ساڵە ئەمە دۆخمانە، خەڵک مرد لەبرسان لێرە، کەس نایەت بە هاوارمانەوە. ماوەی 20 ساڵە پارەی کارەبا و ئاو و پاککردنەوە دەدەین بەڵام یەک کارمەندی شارەوانی نەهاتووە ئێرە خاوێن بکاتەوە. کارەبا و ئاویشمان نییە و پارەشمان لێدەسەنن. هەر دووکانێک پێنج کەسی تێدایە.
هاووڵاتیان داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەکەن بەپەلە بێنە سەرهێڵ و چارەسەرێک بۆ ئەو کێشە درێژخایەنەیان بدۆزێتەوە، بەتایبەتی لە وەرزی زستان و بارانبارین، جەخت دەکەنەوە، بەردەوامی ئەو دۆخە زیانی گەورەیان لێدەدات و کار و کەسابەتیان دەوەستێنێت. بەتایبەتی ناوچەی پیشەسازی کە سەرچاوەی بژێوی هەزاران خێزانە.
هاووڵاتییەکی شەترە گوتی: خوا ئاگادارە چوار خێزان لەسەر ئەم دووکانەی من دەژین، دوکانەکانی دیکەش هەموویان وان، پارەی کارەبا و پاککردنەوە دەدەین لەبەرامبەردا هیچمان بۆ ناکەن.
پیشەوەرێکی دیکە ئاماژە بەوە دەدات: شارەوانی چارەسەری کاتیی دەکات، گلێدەر دێنن و قوڕەکە لادەبەن، بەڵام دوای بارانێکی دیکە وەکو خۆی لێدێتەوە، داومان لە حکوومەتی خۆجێی هەیە چارەسەری یەکجارەکی بکات. بەهۆی قوڕەوە خەڵک نایەت بۆ چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلەکەی و کاری ئێمە وەستاوە.
لەنێوان ئەو قوڕ و لیتیەی کە کاری خەڵکی ڕاگرتووە لەگەڵ کەمی خزمەتگوزاری، کرێکار و پیشەوەران داوا لە بەرپرسانی شارۆچکەی شەترە دەکەن بە هانایانەوە بێن، پێش ئەوەی باران هەڕەشەی لە داهات و سەرچاوەی قوتی ڕۆژانەیان بکات.
