ئێران.. لە ئەنجامی وەرگەڕانی پاسێکدا 13 کەس گیانیان لەدەست دا

بەهۆی وەرگەڕانی پاسێکی نەفەرهەڵگر لە ڕێگای نێوان ئەسفەهان و نەتەنز، 13 کەس گیانیان لەدەستدا و 11 کەسیش بریندار بوون. 

دوێنێ، سێشەممە، 16ـی کانوونی یەکەم 2025، پۆلیسی هاتوچۆی ئێران، بە ئاژانسەکانی ناوخۆی ڕاگەیاند "پاسێکی نەفەرهەڵگر لە ڕێگەی نێوان ئەسفەهان-نەتەز، پاش ئەوەی خۆی بە ئۆتۆمبیلێکی تەکسیی جۆری بیجۆدا کێشا، وەرگەڕا و لە ئەنجامدا 13 کەس گیانیان لەدەست دا و 11 کەسی دیکەش بریندار بوونە."

عەلیڕەزا زەمانپور، سەرۆکی بەشی فریاکەوتنی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئەسفەهان گوتی: دوای چارەسەری سەرەتایی بۆ بریندارەکان، 9 کەسیان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان.

ئامارێکی ترسناک

حەسەن موئمینی، جێگری سەرۆکی پۆلیسی هاتووچۆی ئێران، ئاماری ساڵانەی گیانلەدەستدانی ڕووداوەکانی هاتوچۆی لە ئیراندا بە نزیکەی 20 هەزار کەس ڕاگەیاند و ئەوەی بە کارەساتێکی مرۆیی وەسف کرد.

موئمینی, ئاماژەی بەوەش کرد "ساڵانە، لە ئێراندا بە هۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆوە نزیکەی 400 هەزار کەس بریندار دەبن، لەوانە، 10 بۆ 15 لە سەدیان کەمئەندام دەبن."

بەم پێیە، ساڵانە، لە ئێران، لە هەر 100 هەزار کەس، 25 کەس بە هۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆوە گیان لەدەست دەدەن؛ ئەمەش بەرزترین ڕێژەی قوربانییەکانی ڕووداوی هاتوچۆیە لە ئاستی جیهاندا.

جێگری سەرۆکی پۆلیسی هاتووچۆی ئێران، بە پشت بەستن بە ئاماری فەرمیی پزیشکی دادوەری گوتی: لە حەوت مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا، نزیکەی سێ بۆ چوار لە سەد زیادبوونی قوربانیان تۆمار کراوە و 12 هەزار و 780 کەس لە ڕووداوەکانی هاتووچۆدا گیانیان لەدەست داوە."

تیچووی ڕووداوەکانی هاتوچۆ

موئمینی، ئاماژەی بەوە کرد "خاڵی جێگای نیگەرانی ئەوەیە ئەم زیادبوونە زیاتر لە ناو شارەکاندایە، بە جۆرێک کە ڕووداوەکانی ناو شار نزیکەی %10 زیادیان کردووە، لە کاتێکدا زیادبوونی ڕووداوەکانی دەرەوەی شار تەنها نزیکەی 1.5% بووە."

بە وتەی ئەم بەرپرسە ئەمنییەی ئێران، تێچووی ڕووداوەکان زۆر قورسە و مەزەندەکان دەریدەخەن نزیکەی %19 ی بودجەی وڵات ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ, بۆ لێکەوتەکانی ڕووداوەکانی هاتووچۆ خەرج دەکرێت.

موئمینی لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی:ڕێگاوبانی ناستاندارد، ئۆتۆمبێلی کۆن و داڕزاو، لاوازیی یاساکان و هەڵەی مرۆیی، سەرەکیترین هۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆن.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل