پەیڕەوی دیاریکردنی ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان پەسەند کرا
کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان مافەکانیان پارێزراو دەبێت
![](https://d2wqffb2bc8st5.cloudfront.net/resources/files/2020/11/Untitled (30).jpg)
K24 – ھەولێر:
ئەنجوومەنی وەزیران پەیڕەوی دیاریکردنی ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانی بە کۆی دەنگ پەسەند کرد و بەپێی ئەو پەیڕەوە کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان بەشێوەیەکی شایستە مافەکانیان پارێزراو دەبێت.
بریکاری وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوەکانیش گوتی: دەستمان بە جێبەجێکردنی پەیڕەوەکە کردووە و بەڵگەنامەی ھەموو شەھیدان دەگەڕێنینەوە بۆ وەزارهتی كاروباری شەھیدان لە پێناو پاراستی ماف و ئیمتیازەکانیان بە شێوەیەکی شایستە.
سالار مەنتک، برای شەھیدی فەرماندە سەربەست مەنتک، یەکێکە لەو ھەزاران کەسوکارەی شەھیدانەی کە لە ھەرێمی کوردستان له چاوەڕوانى ڕايیکردنی مامەڵەکانیانن و دەخوازن كۆتايى بەو گرفتانەيان بێت، كه لە فەرمانگەکان بۆيان درووست دەبێت.
سالار مەنتك گوتی: ئەوەى ئێمە چەند ساڵێکە چاوەڕوانین، حکومەتی ھەرێمی کوردستان كۆتايى پێھێنا و باشترین بڕیاری دا.
وەزارەتی شەھیدان دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی ئەو پەیڕەوە. جگە لە چارەسەرکردنی کێشە یاسايی و ئیدارییەکانی، شەھیدانى دەستى تیرۆر و ئەنفال و کیمیاباران و ئەو فەرمانبەرانەى، کە لە کاتی ئەرکدا تیرۆر دەكرێن، جێگەیان بۆ کراوەتەوە و وەک شەھیدی سەنگەر تۆمار دەکرێن. بە پێی دواین بڕوانامە و دوا مووچە و دەرماڵە، کە لە کاتی خزمەت ھەیبووه بە کەسوکاری دەدرێت.
پەیڕەوەکە لە 6 مادە پێکھاتووە، ئەوەی گرنگی پێدراوە کۆی بەڵگەنامە و شایشتە داراییەكانى شەھیدان و ئەنفالکراوان دەگوازرێتەوە سەر وەزارەتی شەھیدان و ھاوشان لەگەڵ یاسای چاکسازیی ماف و ئیمتیازی سەرجەم ئەو شەھیدانەى شایستەن پارێزراو دەبێت.