کوێستان محەممەد: ڕێژەی هەژاری لە عێراق 17%ـیە
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، چەندین جار داوامان لە بەغدا کردووە هاوشێوەی عێراق، هاوکاری خێزانە هەژارەکان بکرێن، بەڵام تاوەکوو ئێستا وەڵامیان نەداتەوە.
ئەمڕۆ هەینی، 19ـی کانوونی یەکەمی 2025، کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەکاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 12ـی کوردستان24، ڕایگەیاند: ڕێژەی هەژاری لە عێراق 17%ـیە و زیاتر لە 911 هەزار ئافرەتی بێ هاوسەر هەن و سەرپەرشتی خێزان دەکەن، هەروەها زیاتر لە پێنج ملیۆن خێزان پارەی چاودێری کۆمەڵایەتی وەردەگرن، بەڵام هەرێمی کوردستان بێ بەشە لەم پارەیە، چونکە وەزارەتی دارایی تەنیا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەنێرێت.
کوێستان محەممەد گوتی: هەروەها داوامان لە ئەنجوومەنی ئابووری عێراق کرد، ڕەزامەندی لەسەر لیستی نوێی ناوی خاوەن پێداویستە تایبەتەکان و زیادکردنی هاوکاری مانگانەیان، هەروەها داوامان کرد ئەو پارەی لە عێراق بە خانەوادە هەژارەکان دەدرێت هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا وەلامیان نەداتەوە، پێشتر حەوت چین لە پارەی چاودیریی خێزان لە هەرێمی کوردستان سوودمەند بوونە.
وەزارەتی پلاندانانی عێڕاق ئامارێکی بڵاوکردوەتەوە و بە مەترسیشی دەزانن بۆ سەر کۆمەڵگە، لەو ئامارەدا هاتووە زیاتر لە 911 هەزار ئافرەت کە ئەرکی بەخێوکردنی خێزانیان لە ئەستۆیە و کار دەکەن، بێ ئەوەی هیچ مووچە و هاوکاریەکیش لە حکومەت وەربگرن.
ڕێژەی هەژاری لە عێراق بۆ ساڵی 2025 ، 17,5% لە کۆی ئەو ڕێژەیە 7% لە ڕەگەزیی مێینە بوو ، لە هەموو لایەکەوە فشار خراوەتە سەر حکومەتی عێراق تاکو بۆ ساڵی 2026 پلانی باشتر دابنێن بۆ ئەوەی ڕێژەی هەژاری لە نێو ئافرەتان کەمتر بکەنەوە.
