دەوڵەتی باخچەلی: بێڕێزیی بە لەیلا زانا خزمەتی یەکگرتوویی تورکیا ناکات
دەوڵەتی باخچەلی سهرۆكی پارتی بزووتنهوهی نهتهوهیی توركیا (مەهەپە) دەڵێت: ئەو سووکایەتی و بێڕێزییەی بە لەیلا زانا کراوە، ڕەفتارێکی بێڕەوشتییە و خزمەتی یەکگرتوویی تورکیا ناکات.
سەلیم ئەنساریئۆغڵو پەرلەمانتاری پارتی داد و گەشەپێدان (ئاک پارتی) لە ئەستەنبوڵ لە دوای دیداری لەگەڵ دەوڵەتی باخچەلی سەرۆکی مەهەپە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی، لەم دیدارەیدا لەگەڵ باخچەلی باسیان لە بێڕێزی و سووکایەتییەکانی هاندەرانی بورساسپۆرت کردووە، کە بەرانبەر بە لەیلا زانا کردوویانە.
بە گوتەی سەلیم ئەنساریئۆئۆغڵو، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە ناڕەزایی خۆی بۆ ئەو ڕەفتارەی هاندەرانی یانە تورکییەکە دەربڕیوە و بە کردەوەیەکی بێڕەوشتانە، ناوی بردووە.
هەروەها گوتویەتی"ئەو جۆرە زمان و دەربڕینانەی دژ بە لەیلا زانا بەکار هاتووە هیچ خزمەتێک بە بەرژەوەندی و یەکگرتوویی تورکیا ناکات".
لەلایەکی دیکەوە ئەرکان ئاکچای، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی مەهەپە لە پەرلەمانی تورکیا لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمان گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: ئیدانەی توندی ئەو جۆرە گوفتار و ڕەفتارە ناشرینانە دەکەین کە بەرانبەر بە لەیلا زانا کراوە و گوتراوە.
باسی لەوەشکرد، ساڵی 1992 شاندێکی پارتی گەلی دیموکراسی سەردانی مەهەپەیان کرد، کە لەیلا زانا ئەندامی شاندەکە بوو، ئەو کاتە لەلایەن ئاڵپ ئارسڵان سەرۆکی مەهەپە کۆبوونەوە، ئەو کاتە لەیلا زانا ڕاپۆرتێکی پێشکەش کرد و ئاڵپ ئارسڵان بە کچی خۆم ناوی برد، هەربۆیە ئەو کاتە دەنگدانەوەی زۆری دروستکرد، کە خاتوو لەیلا زانا کەسێکە لەلایەن سەرۆکی مەهەپەوە بە کچەم ناوبراوە.
16ی ئەم مانگە لە کاتی بەڕێوەچوونی یاری نێوان هەردوو یانەی بوڕساسپۆرت و سۆماسپۆرت، لەلایەن هاندەرانی بوڕساسپۆرت بە دروشم و وشەی نەشیاو بێڕێزی بە لەیلا زانا کرا بوو.
