پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوە بۆ چەند پێشنیازە یاسایەك دەكات
پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە
K24 – ھەولێر
رۆژی دووشەممە 30/11/2020 پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە و خوێندنەوە بۆ چەند پێشنیازە یاسایەك دەكات.
سامان ئەحمەد، بەرپرسی راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند، بەگوێرەی بەرنامەی كاری دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، لە كۆبوونەوەكەدا خوێندنەوەی یەكەم بۆ ئەم پێشنیازە یاسایانە دەكرێت:.
1-پێشنیازە یاسای پەروەردە و خوێندن لە ھەرێمی كوردستان
2-پێشنیازە یاسای ھەمواری یەكەمی زانكۆ تایبەتەكان لە ھەرێمی كوردستان
ئاماژەی بەوەشدا، پەرلەمان خوێندنەوە و گفتوگۆ لەبارەی ھەردوو راپۆرتی لیژنەی (پەیوەندییەكان و رەوەندی كوردستانی و (لیژنەی رۆشنبیری و كۆمەڵگەی مەدەنی و وەرزش و لاوان) دەكات سەبارەت بە دیاردەی كۆچی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات بە ئامادەبوونی وەزیرە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان.
بەرپرسی راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان راشیگەیاند، تەوەری سێیەمی كۆبوونەوەكەی پەرلەمانی كوردستان خستنەڕووی بیرۆكەی پەرلەمانتار شنۆ ئەشقی عەبدوڵڵا دەبێت، پەیوەست بە رەخساندنی ھەلی كار لە ھەرێمی كوردستان.