گوندێکی کوردنشین لە ئێران کۆڵانەکانی گوندەکەیان بە ناوی نووسەران و کتێبە ناسراوەکان ناوناوە
گوندی تاجاوای شارۆچکەی بەهار لە پارێزگای هەمەدانی ئێران، کە دانیشتووانەکەی کوردە، کۆڵانەکانی گوندەکەیان بە ناوی کتێب و نووسەرانی ناوداری کورد و ئێرانی و جیهانەوە کردووە و تابلۆکانیشیان بە سێ زمان نووسیوە.
گوندی تاجاوا لە ساڵی 2015ـەوە بە گوندی هۆگرانی کتێب ناسێندراوە و بە گوتەی موختاری ئەوکاتی گوندەکە، ئەو ناسناوە بووەتە هۆی پەیدابوونی بیرۆکەی ناونانی کۆڵانەکانی گوندەکە بە ناوی کتێب و نووسەرانی ناودارەوە.
بیرۆکەی ناونانی کۆڵانەکانی گوندی تاجاراو سەرەتا لە بەرگی پرۆژەیەک گەڵاڵە کراوە و ساڵی 2017 لەلایەن ئەنجوومەنی گوندەکەوە پەسند کراوە، ئێستا کۆڵانەکانی گوندەکە بە سێ زمانی کوردی، فارسی و ئینگلیزی بە ناوی کتێب و نووسەرانی ناودارەوە کراوە.
قوباد یاری، موختاری پێشووتری گوندی تاجاوا دەڵێت: ئێمە پرۆژەی ناونانی کۆڵانەکانی گوندەکەمان لە ساڵی 2017 لە نجوومەنی گوندەکە پەسەند کرد، دواتر بردمانە بەڕێوەبەرایەتی شارەدێ، بەڵام ئەوان نەیاندەزانی چ بڕیارێک بدەن، جیا لەوەی نە دەوێران ڕەتیشی بکەنەوە، چونکە بە گوێرەی یاسا 15 ڕۆژ دەرفەت هەیە بۆ ئەوەی بە بەڵگەی نووسراو دەتوانن پرۆژەکە ڕەت بکەنەوە، بەڵام کە نەبوو، ئێستا 30 کۆڵان ناونراوە.
هەروەها گوندی تاجاوا، خاوەنی کتێبخانەیەکە زیاتر لە شەش هەزار بەرگ کتێبی لە بواری زانستە مرۆییەکان، ئەدەبیات، فەلسەفە، سیاسەت، کۆمەڵناسی چەند بوارێکی دیکەی تێدایە.
دانیشتووانی گوندەکە دەڵێن، جودا لەوەی هەر کتێبێک جیهانێکی تایبەتی هەیە و ناونانی کۆڵانەکان بە ناوی کتێبەکانەوە جیاوازییەکان دەر دەخات، هەروەها لە ڕێگەی تابلۆ و ناوەکانەوە، کۆڵانەکان زمان و کولتووری جیاوازی گوندەکەش بۆ گەشتیاران نمایشکراوە.
ئیبراهیم بەرزگەر، خەڵکی گوندی تاجاوا دەڵێت: بۆچی ناو لە کۆڵانەکانی گوندەکەمان نەنێن، بۆچی جیاواز بیر نەکەینەوە، بۆچی جیاواز نەژین، هەربۆیە یەکێک لە بەڵگە جیاوازییەکانی مرۆڤ بوون، ئەم جیاوازییە
عەلیڕەزا قەنبەری، کە دانیشتووێکی دیکەی گوندەکەیە دەڵێت: ئێمە ناوی کۆڵانەکانمان بەناوی کەسانی شەهیدبوو نەناوە، بەڵکو بە ناوی کتێبەکان بە هەرسێ زمانی کوردی، فارسی و ئینگلیزی ناومانناون.
گوتیشی: جگە لەمە، گوندی تاجاوا شوێنێکی گەشتیارییە، ناونانی کۆڵانەکان بۆ گەشتیارانیش جێی سەرنجن.
تاجاوا لە پارێزگای هەمەدان ناوی دوو گوندە بە ناوەکانی تاجاوای سەرێ و تاجاوای خوارێ کە دانیشتووانی تاجاوای خوارێ کوردن و بە خوێندنەوەی کتێب و هۆگریی فەرهەنگ ناسراون.
جودا لەوە گوندێکی گەشتیارییە و فەرهەنگی کوردانەی گوندەکە و شوێنەواری مێژووییی کاراونسەرای تاجاوا کە لە چەندین ژوور و حەوشە و بیری ئاو پێکهاتووە، سەرنجی گەشتیاران بۆ ئەم گوندە ڕادەکێشێت.
