ئەمەریکا سزای بەسەر سەرۆکی ڤەنزوێلا و هاوسەرەکەیدا سەپاند

وەزارەتی گەنجینە ئەمەریکا گەڕێکی دیکە سزای بەسەر حەوت کەسی نزیک لە نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی فەنزوێلادا دا و سیلیا فلۆریسی هاوسەریشی دەگرێتەوە.

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز لە نێو سزادراواندا چەند ئەندامێکی خێزانی هاوسەرەکەی ماودۆر هەن کە پێشتر بەتۆمەتی گەندەڵی ناویان لە لستی سزاکاندا هەبووە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا فەرمانی گەمارۆدانی سەرجەم ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرانەی دەرکردووە کە مامەڵە لەگەڵ حکوومەتەکەی مادورۆدا دەکەن. ئەمەش بە ئامانجی بڕینی سەرچاوە داراییەکانی کاراکاس کە واشنتن بە ڕژێمێکی ناپاک لە قەڵەمی دەدات.

دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "NBC News" ڕایگەیاند؛ بژاردەی سەربازی دژی فەنزوێلا ڕەت ناکاتەوە. ئاماژەی بەوەشدا؛ ڕێگری لەو کەشتییانەش دەکەن کە دەیانەوێت ڕێگری بشکێنن.  

هاوکات لە ئەنجامی زیاتر لە 20 ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەمەریکا لە زەریای هێمن و دەریای کاریبی دژی کەشتییە گوماناوییەکان، تا ئێستا 90 کەس گیانیان لە دەستداوە.

ئەم فشارانە کاریگەرییان کردووەتە سەر وڵاتانی دراوسێش؛ بۆ نموونە وڵاتی ترینیداد و تۆباگۆ ئامادەیی نیشانداوە فڕۆکەخانەکانی بۆ پشتیوانی لۆجستی سوپای ئەمەریکا بکاتەوە. لە بەرامبەردا، حکوومەتی ڤەنزوێلا ئەم هەنگاوانەی ئەمەریکای بە توندی شەرمەزار کرد و بە "هێرشێکی بە ئەنقەست بۆ سەر سەروەری وڵاتەکەی" وەسفی کرد.

لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی کردەیی سزاکاندا، هەفتەی ڕابردوو هێزە ئەمەریکییەکان دەستیان بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری سزادراوی ڤەنزوێلادا گرت لە نزیک کەناراوەکانی ئەو وڵاتە، ئەمەش نیشانەی ڕژد بوونی واشنتنە لە بەردەوامبوون لەسەر هەڵمەتی "زۆرترین فشار".

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل