لە کۆبوونەوەی مەیامی تایبەت بە غەززە پێداچوونەوە بە هەنگاوەکانی داهاتووی ئاگربەست کراوە
ئەمەریکا، قەتەر، تورکیا و میسر لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا دوای کۆبوونەوەیان لە مەیامی، جەختیان لە جێبەجێکردنی پلانی ئاشتیی ترەمپ کردەوە و ڕایانگەیاند، بۆ گواستنەوە بۆ قۆناغی دووەم، پێویستە لە نزیکترین کاتدا دەستەی ئاشتی وەک ئیدارەیەکی کاتی و یەکگرتوو بە مەبەستی پاراستنی خەڵکی مەدەنی لە غەززە دامەزرێنرێت.
شەممە 20ـی کانوونی یەکەمی 2025، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی کۆشکی سپی ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشی لەگەڵ نوێنەری قەتەر، وەزیری دەرەوەی تورکیا و بەڕێوەبەری هەواڵگری میسر بڵاو کردەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، نوێنەرانی ئەمەریکا، میسر، قەتەر و تورکیا ڕۆژی هەینی لە شاری مەیامی لە ویلایەتی فلۆریدا کۆبوونەتەوە بۆ پێداچوونەوە بە هەنگاوەکانی داهاتووی پلانی ئاگربەستی غەززە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: پێداچوونەوەمان بە هەنگاوەکانی داهاتووی جێبەجێکردنی قۆناغ بە قۆناغی پلانی ئاشتیی گشتگیر بۆ غەززە کردووە.
ئەمەریکا و وڵاتە نێوەندگیرەکان لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەختییان لە پێویستیی دەسەڵات پێدان بە دەستەیەکی حوکمڕانی لە غەززە لەژێر چاودێریی دەسەڵاتێکی یەکگرتووی غەززە کردووەتەوە، بە ئامانجی پاراستنی هاووڵاتییانی مەدەنی. هەروەها دەربڕینی پشتیوانی بۆ دامەزراندن و کاراکردنی "دەستەی ئاشتی - Board of Peace" وەک ئیدارەیەکی کاتی لە نزیکترین کاتدا بە پێویست زانیوە.
ئەمەریکا، قەتەر، تورکیا و میسر پابەندبوونی تەواوەتیان بە سەرجەم بڕگەکانی "پلانی ئاشتیی 20 خاڵی"ی دۆناڵد ترەمپ دووپات کردووەتەوە و داوا لە هەموو لایەنەکان کراوە پابەندی ئەرکەکانیان بن، دان بەخۆدا بگرن و هاوکاریی ڕێکخستنەکانی چاودێریکردن بکەن. هاوکات ئاماژە بەوە کراوە کە لە هەفتەکانی داهاتوودا ڕاوێژ و گفتوگۆکان بەردەوام دەبن بۆ بەرەوپێشبردنی جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنەکە.
لای خۆیەوە ئۆنجو کەچەلی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) لەو بارەوە بڵاوی کردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا کە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا تێیدا بەشدار بووە، هەڵسەنگاندن بۆ جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمی پلانی ئاشتیی غەززە کراوە.
گوتەبێژەکەی تورکیا دەشڵێت: "بەشداربووان جەختیان کردووەتەوە سەرەڕای هەبوونی پێشێلکاری، بەڵام ئاگربەستەکە بەردەوامە، پرۆسەی ئازادکردنی بارمتەکان کۆتایی هاتووە و پێکدادانەکان بە ڕێژەیەکی زۆر وەستاون."
لەبارەی قۆناغی دووەم و ئیدارەدانی غەززە باسی لەوە کردووە، بیروڕا ئاڵوگۆڕ کراوە سەبارەت بە ڕێکارەکانی دڵنیابوونەوە لەوەی غەززە لەلایەن خەڵکی غەززەوە بەڕێوەببرێت. هەروەها سەبارەت بە هێزی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوە داوە، هەنگاوەکانی دامەزراندنی ئەنجوومەنی ئاشتی و هێزی سەقامگیریی نێودەوڵەتی تاوتوێ کراون، وەک ئەوەی لە پلانەکەدا پێشبینی کراوە.
