چوارچێوەی هەماهەنگی، داوای گەرەنتی نێودەوڵەتی بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان دەکات
سەرچاوەیەک لە لیژنەی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە ئاشکرای کرد؛ هێزە سیاسییەکانی ناو لیژنەکە داوای نێوەندگیری نێودەوڵەتییان کردووە بۆ دابینکردنی گەرەنتی، تاوەکو گرووپە چەکدارەکانی عێراق لە کاتی پڕۆسەی هەڵوەشاندنەوە و تێکەڵکردنیان بە دامەزراوە ئەمنییە فەرمییەکان نەکرێنە ئامانج.
ئەو سەرچاوەیە ڕوونی کردەوە؛ ئەم گەرەنتییانە داواکاریی پابەندبوون بە هێرش نەکردنە سەر ئەو گرووپانە و سەرکردەکانیان لەخۆدەگرێت، لەگەڵ پاراستنی دارایی و سامانەکانیان لە هەر دەستوەردانێک، لە بەرامبەر ئەوەی چەکەکانیان بخەنە ژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەت و پڕۆسەکەش وەک بابەتێکی ناوخۆیی و کراوە بمێنێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، زۆربەی فراکسیۆنە چەکدارەکانی وەک عەسائیب ئەهلوحەق، لیواکانی ئیمام عەلی و لیواکانی سەیدولشوهەدا ڕەزامەندییان نیشانداوە بۆ تێکەڵبوون لەگەڵ وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگریی و حەشدی شەعبی، ئەمەش دوای ئەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی سەرۆکی گرووپەکانی ئاگادار کردووەتەوە، بەردەوامییان لە پڕۆسەی سیاسیدا بەستراوەتەوە بە هەڵوەشاندنەوەی باڵە چەکدارییەکانیان.
سەرەڕای ئەم هەوڵانە، هێشتا هەندێک لە گرووپەکان بەرهەڵستی ئەو بڕیارانە دەکەن، بە جۆرێک کەتائیبی حزبوڵڵا مەرجی پاراستنی سەروەری و نەمانی دەستوەردانی دەرەکی داناوە بۆ هەر گفتوگۆیەک لەسەر پرسی چەک، بزووتنەوەی نوجەباش جەختی لە بەردەوامیی بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانی ئەمەریکا کردووەتەوە.
پێشتر فائیق زەیدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و نوری مالیکی، ئاماژەیان بە هەبوونی ڕێککەوتن و هەنگاوی جددی کرد بۆ ئەوەی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت و کۆتایی بە دیاردەی چەکداری دەرەوەی یاسا بهێنرێت.
ئەم هەوڵانە لە کاتێکدایە کە فشارەکانی ئەمەریکا بۆ سەر حکوومەتی عێراق چڕبوونەتەوە تا کۆتایی بە ڕۆڵی ئەو گرووپانە بهێنێت و ڕێگری بکات لە بەشدارییان لە حکوومەتی نوێدا.
