کۆنگرێسمانێک ڕەخنە لە سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق دەگرێت
"دەسەڵاتی دادوەری لە عێراق لە ئەرکەکەی لایداوە"
ئەندامێکی کۆنگرێسی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەرکی دادوەر چەسپاندنی یاسایە نەک دەستخۆشیکردن لەوانەی کە ساڵانێکە لە دەرەوەی یاسا کاردەکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی کانوونی یەکەمی 2025، جۆو وێڵسن، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێكس نووسیویەتی؛ "ئەو سوپاسگوزارییەی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق ئاراستەی کوتلە چەکدارەکانی کرد لە بەرامبەر "هەوڵی داماڵینی چەکەکانیان"، تەنیا دەربڕینێکی سادە نییە، بەڵکو گوزارشتێکی مەترسیدارە لە تێکچوونی بێلایەنیی گرنگترین دامەزراوەی دەوڵەت. ئەم زمانە، زمانی دامەزراوەیەکی دەستووری نییە کە ئەرکی پاراستنی یاسابێت، بەڵکو ڕەنگدانەوەی پەیوەندییەکی ژێربەژێر و بەردەوامە لەنێوان سەرکردایەتی دادوەری و کوتلە میلیشیاکاندا."
هەروەها نووسیویەتی: "لە بنەماکانی دەوڵەتسازیدا، دەسەڵاتی دادوەریی سەربەخۆ نەک هەر سوپاسی گرووپە چەکدارەکان ناکات، بەڵکو هەڵسەنگاندنیش بۆ کردەوە سیاسی و سەربازییەکانیان ناکات. ئەرکی دادوەر چەسپاندنی یاسایە نەک دەستخۆشیکردن لەوانەی کە ساڵانێکە لە دەرەوەی یاسا کاردەکەن. "
ڕاشیگەیاندووە؛ "ئەم هەڵسوکەوتە نیشانیدەدات لووتکەی دەسەڵاتی دادوەری لە عێراق، لەبری بەرزڕاگرتنی سەروەری یاسا، بووەتە سەکۆیەک بۆ ناردنی پەیامی سیاسی لە ژێر پەردەی یاساییدا. ئەمە گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر دادپەروەری و خودی قەوارەی دەوڵەت، و تەنیا ئەوە دووپاتدەکاتەوە کە دادوەری لە عێراق لە ئەرکە ڕاستەقینەکەی لایداوە."
دوێنێ شەممە 20ـی کانوونی یەکەمی 2025، فائیق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق، ڕایگەیاند؛ کوتلە چەکدارەکان گەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ دانانی چەک لە دەستی دەوڵەتدا.
زێدان لە بەیاننامەیەکدا سوپاسی سەرکردەی گرووپە چەکدارەکانی کرد هاوکار بوون لە چەسپاندنی سەروەری یاسا و گواستنەوە بەرەو کردەوەی سیاسی، ئاماژەی بەوەش کرد؛ لە ئێستادا پێویستییەکی نیشتمانی بۆ کردەوەی سەربازی نەماوە.
ماوەی چەند مانگێکە ئەمەریکا فشارێکی توندی خستووەتە سەر حکوومەتی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان و ڕێگریکردن لە بەشدارییان لە حکوومەتی نوێدا. لە لایەکی دیکەشەوە، مانگی ڕابردوو نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، ئاماژەی بە هەنگاوەکان بۆ ڕادەستکردنی چەکی قورسی فراکسیۆنەکان بە دەوڵەت دابوو.
