لە باشووری عێراق ڕووداوێکی هاتوچۆی کارەساتبار ڕوویدا و ژمارەیەک قوربانی لێکەوتەوە
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی کانوونی یەکەمی 2025، ڕووداوێکی هاتوچۆ لەسەر ڕێگای بەسرە-بەغدا لە نزیک پارێزگای دیوانیە لە باشووری عێراق ڕوویدا.
بەگوێرەی میدیا ناوخۆییەکان ڕایگەیاند، لە ڕووداوەکەدا نزیکەی 10 ئۆتۆمبێل پێکیاندادا، کە بەهۆیەوە لانیکەم چوار کەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی دیکە برینداربوون، کە برینی هەندێکیان سەختە، هەروەها پێشبینی دەکرێت بەهۆی سەختی ڕووداوەکە ژمارەی مردن زیاد بێت.
شایەتحاڵەکانی ڕووداوەکە ئاماژەیان بەوەداوە، لەدوای ڕووداوەکە چوار تەرمیان دەرهێناوە، هاوکات تیمەکانی بەرگری شارستانی و فریاگوزاری لە هەوڵی دەرهێنانی دوو تەرمی دیکەدا بوون.
باسیان لەوەشکرد، بەهۆی ڕووداوەکەوە هاتوچۆ لەسەر ڕێگاکە وەستاوە، هۆکاری ڕووداوەکەش بۆ کەمبوونەوەی ئاستی بینین بەهۆی تەم و مژ و خیرایی لێخوڕین بووە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆی عێراق، ئێوارەی ڕۆژی شەممە، داوای لە هاووڵاتیان کرد، بەهۆی دروستبوونی شەپۆلێکی تەم و مژ لەسەر ڕێگاوبانەکان پابەند بن بە ڕێسا و ڕێنماییەکانی هاتوچۆ، هەروەها دەبێت شۆفێران بە وریایی ئۆتۆمبێل لێبخوڕن و گرنگی بە پاراستنی سەلامەتی خۆیان و ڕێگاوبان بدەن.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ناجێگیری دۆخی کەشوهەوا بووەتە هۆی ڕاگرتنی چەندین گەشتی ئاسمانی لە عێراق، هاوکات چەندین ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویداوە کەبەهۆیەوە ژمارەیەک کەس گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون.

