سەرۆکی فەرەنسا هێزی دەریایی وڵاتەکەی بەهێزتر دەکات

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، دەستپێکردنی پڕۆژەی دروستکردنی نەوەیەکی نوێی فڕۆکەهەڵگری ئەتۆمی ڕاگەیاند. 

ئەم پڕۆژەیە کە بە گەورەترین و گرانبەهاترین پڕۆژەی پیشەسازیی سەربازی لە مێژووی دەریایی فەرەنسادا هەژمار دەکرێت، ئامانجی چەسپاندنی پێگەی پاریسە وەک هێزێکی دەریایی باڵادەست لە جیهاندا. 

ماکرۆن لە کاتی ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵەدا جەختی لەوە کردەوە، لە سەردەمێکدا کە نەیارەکان وەک دڕندە دەردەکەون، پێویستە فەرەنسا هێندە بەهێز بێت کە ببێتە مایەی ترس و سڵکردنەوە بۆ هەموو ئەو لایەنانەی هەوڵی تێکدانی بەرژەوەندییەکانی دەدەن.

یەکشەممە 21ی کانوونی یەکەمی 2025، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک فەرەنسا لە میانی سەردانەکەی بۆ ئیمارات و بەسەر کردنەوەی هێزەکانی لەو وڵاتە ڕایگەیاند،گڵۆپی سەوزی بۆ دروستکردنی کەشتییەکی فڕۆکە هەڵگری نوێ هەڵکردووە، تا ببێتە جێگرەوەی کەشتیی ئەتۆمیی وڵاتەکەی بە ناوی شارل دیگۆل.

ماکرۆن گوتی: "لە چوارچێوەی دوو یاسای بەرنامەڕێژیی سەربازیی ڕابردوو و دوای پێداچوونەوەیەکی ورد و هەمەلایەنە، بڕیارم دا فەرەنسا بە کەشتییەکی فڕۆکە هەڵگری نوێ پڕچەک بکەم.

سەرۆکی فەرەنسا ئاشکراشی کرد بڕیاری هەنگاونان بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە لەم هەفتەیەدا دراوە، ئەمەش وەک بەشێک لە هەوڵەکانی پاریس بۆ نوێکردنەوە و بەهێزکردنی تواناکانی هێزی دەریایی وڵاتەکەی.

لە ناوخۆی فەرەنسادا ڕەخنە لە پرۆژەکە گیراوە، بەتایبەتی لەلایەن جەنەڕاڵ فابیان ماندۆن، فەرماندەی سەربازییەوە، کە پرسیاری ئەوەی دەکرد ئایا لە سایەی ترس لە هەڵگیرسانی جەنگێکی ئەورووپی لەگەڵ ڕووسیا، نەدەبوو گرنگی بە بوارە هەستیار و پێویستترەکانی دیکە بدرێت؟

نووسینگەی ماکرۆن ڕایگەیاند، ئەم ڕاگەیاندنە فەرمییە ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی سەرجەم گرێبەستە پێویستەکانی تایبەت بە پرۆژەکە واژۆ بکرێن.

کەشتییە فڕۆکەهەڵگرە نوێیەکە هاوشێوەی ئەوەی ئێستا بە وزەی ئەتۆمی کار دەکات، بەڵام قەبارەکەی زۆر گەورەتر دەبێت لە کەشتییە ئاڵاهەڵگرەکەی ئێستا (شارل دیگۆل).

کێشی کەشتییە نوێیەکە نزیکەی 80 هەزار تەن و درێژییەکەی 310 مەتر دەبێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کێشی "شارل دیگۆل" 42 هەزار تەن و درێژییەکەی 261 مەترە و توانای لەخۆگرتنی ستافێکی دوو هەزار کەسی و 30 فڕۆکەی جەنگی هەیە.

ئەگەرچی هێشتا ئەم کەشتییە نوێیە لە ئاست 11 کەشتییە فڕۆکەهەڵگرە زەبەلاحەکەی هێزی دەریایی ئەمەریکا بچووک دەردەکەوێت کە کێشی هەر یەکێکیان لە 100 هەزار تەن زیاترە، بەڵام لە ئێستادا تەنیا چین و هێزی دەریایی شاهانەی بەریتانیا خاوەنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری هاوشێوەن لە ڕووی قەبارەوە، کە سەرجەمیان بە وزەی ئاسایی (کۆنڤێنشناڵ) کار دەکەن نەک ئەتۆمی.

ئەمڕۆ یەکشەممە سەرۆکی فەرەنسا، گەیشتە ئیمارات و بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی کۆشکی ئەلیزێ، ماکرۆن و کاترین فۆتران، وەزیری بەرگریی فەرەنسا، لە ئەبووزەبی لەگەڵ شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات کۆدەبنەوە.

بڕیارە لە کۆبوونەوەکەدا بەهێزکردنی ستراتیژیی هاوپەیمانیی نێوان پاریس و ئەبووزەبی، بەتایبەتی لە بوارەکانی بەرگری و ئەمنی تاوتوێ بکەن. ئامانجێکی دیکەی سەردانەکەی ماکرۆن، بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکانە لەگەڵ وڵاتانی کەنداو، بە تایبەت لەگەڵ ئیمارات.

لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوودا، وەزارەتی دادی فەرەنسا داوای لە دەسەڵاتدارانی ئیمارات کرد، 15 داواکراو ڕادەستی پاریس بکەنەوە، کە تۆمەتبارن بە قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان و گومانی ئەوەیان لێدەکرێت لە دوبەی نیشتەجێ بن.

فەرەنسا نزیکەی900 سەربازی لە بنکە دەریایی و ئاسمانییەکانی ئیماراتدا هەیە. ئەم هێزانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "شیمال" دژی ڕێکخراوی داعش و هەروەها ئۆپەراسیۆنی ئەوروپی "ئاسپیدس" بۆ پاراستنی هێڵە بازرگانییە دەریاییەکان لە هێرشی حوسییەکان، لە ناوچەکەدا جێگیر کراون.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل