ڕێکخراوی ڕزگارکردنی منداڵان: 80%ـی منداڵانی غەززە بە برسێتییەوە دەچنە ساڵی 2026
ڕێکخراوی نێودەوڵەتی ڕزگارکردنی منداڵان هۆشدارییەکی توندی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە لە هەر پێنج منداڵێکی کەرتی غەززە چواریان، کە دەکاتە نزیکەی 80%ـی منداڵانی ناوچەکە، بەدەست ئاستی "کارەساتبار"ی برسێتییەوە دەچنە ناو ساڵی 2026وە. ئەم هۆشدارییەی ڕێکخراوەکە لە کاتێکدایە، تەنانەت دوای ڕێگەدان بە زیادکردنی هاوکارییە مرۆییەکان و گەیاندنی بڕێکی زیاتری خۆراک بۆ ناو کەرتی غەززە، هێشتا مەترسییەکان لەسەر ژیانی دانیشتووان و منداڵان وەک خۆیان ماونەتەوە.
ڕاپۆرتەکە پشت بە دوایین شیکارییەکانی پۆلێنکردنی قۆناغی یەکگرتووی ئاسایشی خۆراک (IPC) دەبەستێت و ئاشکرای دەکات، تا ساڵی 2026، نزیکەی 1.6ملیۆن کەس کە دەکاتە 77%ـی دانیشتووانی کەرتی غەززە لە نائاسایشی خۆراکدا دەمێننەوە و لەو ژمارەیەش نزیکەی 800 هەزاریان منداڵن.
ڕێکخراوەکە جەختی کردووەتەوە؛ نەبوونی خۆراکی ڕێکوپێک و تەندروست زیانی هەمیشەیی بە گەشەی جەستەیی و دەروونی منداڵان دەگەیەنێت، چونکە ئەو خۆراکانەی لە ئێستادا بەردەستن تەنیا لە نان و هەندێک خۆراکی پرۆسێسکراوی پڕ لە شەکر و خوێ پێکهاتوون، ناتوانن پێداویستییە خۆراکییە سەرەتاییەکان بۆ گەشەی منداڵ دابین بکەن.
لای خۆیەوە ڕوانگەی جیهانی بۆ چاودێری برسیەتی، 'ئای پی سی' هۆشداری دەدات کە دۆخەکە هێشتا مەترسیدارە، لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە؛ ئەگەر شەڕ دەستپێبکاتەوە و هاوکارییەکان بوەستن، ئەوا تا نیسانی 2026 جارێکی دیکە هەموو غەززە دەکەوێتەوە ناو مەترسی برسیەتی. ئاماژەی بەوەشدا، ئێستا زیاتر لە 100 هەزار کەس لە دۆخێکی "کارەساتباردا" دەژین و پێشبینی دەکرێت تاوەکو نیسانی 2026 ئەو ژمارەیە دابەزێت بۆ هەزار و 900 کەس.
هەروەها دەربارەی بەدخۆراکی ڕوانگەکە باسی لەوەکردووە، پێشبینی دەکرێت لە ساڵی داهاتوودا زیاتر لە 100 هەزار منداڵی نێوان شەش مانگی بۆ 59 مانگی و 37 هەزار ئافرەتی دووگیان پێویستیان تووشی بەدخۆراکی توند بن و پێویستیان بە جارەسەر هەبێت.
لەلایەکی دیکەوە، ئیسرائیل جەخت دەکاتەوە، ڕۆژانە 600 بۆ 800 بارهەڵگر کە زۆربەیان 'خۆراکن' دەچنە ناو غەززە، بەڵام بزووتنەوەی حەماس و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی فریاگوزاری گومان لەم ژمارانە دەکەن و ئیسرائیل تۆمەتبار دەکەن بە دروستکردنی ئاستەنگ لەبەردەم گەیشتنی هاوکارییە پێویستەکان.
نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات؛ ئەگەر ئاستەنگەکان لەسەر دەروازەکان لانەبرێن، ئەوا پرۆسەی هاوکارییە مرۆییەکان لە غەززە ڕووبەڕووی داڕمان دەبێتەوە، ئەمەش هەموو ئەو دەستکەوتانە لەناو دەبات کە لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا لە بواری ئاسایشی خۆراکدا بەدەست هاتوون.
