باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق: بەشار ئەسەد مافی پەنابەری وەرگرتووە و ڕادەستی ناکەینەوە
ئەلبروس کوتراشێڤ، باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق ڕایگەیاند، ڕووسیا بەشار ئەسەد سەرۆکی پێشووی ڕژێمی سووریا ڕادەستی دیمەشق ناکاتەوە.
ئەلبروس کوتراشێڤ، باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی ئەگەری ڕادەستکردنی بەشار ئەسەد بە بە دیمەشق گوتی: "ئێمە مافی پەنابەری مرۆییمان بە ئەسەد بەخشی، بۆیە بە هیچ شێوەیەک رادەستی ناکەینەوە."
چەند جارێک حکوومەتی نوێی سووریا داوای ڕادەستکردنەوەی بەشار ئەسەدی لە ڕووسیا کردووە بۆ ئەوەی لە دیمەشق دادگایی بکات لەسەر ئەم هەموو توندو تیژیی و سەرکوتکردنەی بەرامبەر سووریەکانی کردووە، بەڵام ڕووسیا داواکەی دیمەشقی ڕەتکردووەتەوە.
لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، دوای ئەوەی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئەم وڵاتە دەستیان بەسەر دیمەشقدا گرت، بەشار ئەسەد و خیزانەکەی بەرەو مۆسکۆ هەڵاتن و لەوێ مافی پەبارێتییان وەرگرت.
لەلایەکی دیکەوە کۆتراشێڤ باسی لە کوژرانی عێراقییەکان لە ڕیزی سوپای ڕووسیا کرد و گوتی: "مۆسکۆ بە هۆکاری مرۆیی ڤیزەی بە کەسوکاری قوربانییە عێراقییەکان بەخشیوە."
ئەو باڵیۆزەی ڕووسیا لە بەغدا ڕەخنەی لە هەڵوێستی ئەمەریکا گرت دەربارەی بەشداری گرووپە چەکدارەکان لە حکوومەتی داهاتووی عێراق و گوتی: ئایا ئەمەریکا بژاردەی لەسەر عێراق هەیە؟.
لە مانگی ئەیلوولی ڕابردوو، باڵیۆزخانەی عێراق لە مۆسکۆ هۆشداری دابوو لە هەوڵدان بۆ ڕاکێشانی عێراقییەکان بۆ بەشداریکردن لە شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا.
