کوردانی ئیستانبوڵ: لەیلا زانا دایکی ئێمەیە و پێویستە حکوومەتی تورکیا داوای لێبووردن بکات

ناڕەزایەتییەکان دژی سووکایەتیکردن بە لەیلا زانا زیاتر دەبن؛ کوردانی ئیستانبوڵ داوا لە حکوومەتی تورکیا دەکەن، بە فەرمی داوای لێبووردن لە گەلی کورد بکات و دەڵێن "لەیلا زانا دایکی ئێمەیە."

دوای ئەوەی لایەنگرانی یانەی 'بۆرساسپۆر' لە یارییەکی تۆپی پێدا دروشمی ڕەگەزپەرستانە و سوکایەتیپێکردنیان دژی سیاسەتمەداری کورد "لەیلا زانا" بەکارهێنا، شەپۆلێکی بەرفراوانی ناڕەزایەتی و تووڕەیی سەریهەڵدا. 

هەریەک لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، هودا پار، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاک پارتی)، پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە)،  و چەندان پارتی دیکە، ڕووداوەکەیان بە قبووڵنەکراو، ڕەگەزپەرستانە، و زیانبەخش بۆ پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی ناوبرد. 

لەسەر شەقامەکانی ئیستانبوڵ، هاووڵاتییانی کورد ناڕەزایەتی و تووڕەیی خۆیان بەرامبەر ڕووداوەکە دەربڕی. ئەوان جەختیان کردەوە لەیلا زانا "شکۆی گەلی کوردە" و ئەو هێرشە تەنیا دژی کەسێک نییە، بەڵکوو دژی تەواوی گەلی کوردە. هاووڵاتییان داوایان کرد حکوومەتی تورک بە شێوەیەکی فەرمی داوای لێبوردن بکات و ئەو کەسانە سزا بدرێن.

یەکێک لە هاووڵاتییان گوتی: "لەیلا زانا شەرەف و کەرامەت و دایکی ئێمەیە، ئێمە ئامادەین لەپێناویدا بمرین. ئەو کارەی کراوە قبوڵکراو نییە و پێویستە حکوومەت ڕێکاری پێویست بگرێتەبەر". یەکێکی تر گوتی: "ئەوان سوکایەتیان بە ئێمەی کورد کردووە، نەک تەنها بە لەیلا زانا. پێویستە تورکیا داوای لێبووردن لە هەموو کورد بکات".

وەزیری وەرزش و لاوانی تورکیا، عوسمان ئاشکین باک، ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوە لەبارەی ڕووداوەکەوە دەستی پێکردووە و سزای جۆراوجۆر بەسەر ئەو کەسانەدا دەسەپێنرێت، لەوانەش قەدەغەکردنی چوونەناو یاریگاکان.

وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر ڕووداوەکە، کۆنسێرتی 'کۆما ئامەد' هەڵوەشێنرایەوە کە بڕیار بوو لە ئیستانبوڵ بەڕێوەبچێت. 

ڕووداوەکە لە کاتێکدایە گفتوگۆکان لەبارەی چارەسەرکردنی پرسی کورد و پێشخستنی پرۆسەی ئاشتی دەستیان پێکردووەتەوە. ئەمەش نیگەرانییەکانی لەبارەی هەڵوێستە شۆڤێنییە قووڵەکان لەناو بەشێک لە کۆمەڵگادا زیاتر کردووە. 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل