ترەمپ داوای دەستلەکارکێشانەوە لە مادورۆ دەکات و کاراکاسیش وەڵامی دەداتەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا،  ڕایگەیاند؛ باشتر و "ژیرانە" دەبێت ئەگەر نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا، لە پۆستەکەی دەست لەکار بکێشێتەوە.

ترەمپ لە ماڵەکەی خۆی لە ویلایەتی فلۆریدا و لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا سەبارەت بەوەی ئایا واشنتن دەیەوێت کۆتایی بە دەسەڵاتە 12ساڵەکەی مادورۆ بهێنێت، گوتی: "ئەوە بڕیاری خۆیەتی کە دەیەوێت چی بکات، بەڵام پێموایە دەستلەکارکێشانەوەی هەنگاوێکی ژیرانە دەبێت."

لە بەرامبەردا، نیکۆلاس مادورۆ لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا وەڵامی لێدوانەکانی ترەمپی دایەوە و ڕایگەیاند: "باشترە سەرۆک ترەمپ سەرنجی لەسەر پرسە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکانی وڵاتەکەی خۆی بێت و بیر لە کاروباری ناوخۆی بکاتەوە"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ڕەتکردنەوەی دەستێوەردانەکانی ئەمەریکا لە کاروباری وڵاتەکەی.

ئەم لێدوانانەی ترەمپ دوای ئەوە دێت کریستی نۆئێم، وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا، بە ڕاشکاوی ڕایگەیاندبوو؛ سەرۆکی ڤەنزوێلا "دەبێت بڕوات". چاودێران ئەم قسانەی نۆئێم بە یەکێک لە ڕوونترین ئاماژەکان دادەنێن کە نیشانی دەدات واشنتن بە جیدی کار بۆ گۆڕینی سەرکردایەتی سیاسی لە کاراکاس دەکات.

لەلایەکی دیکەوە، فشارەکانی ئەمەریکا تەنیا لە چوارچێوەی لێدواندا نەماونەتەوە. سەرەتای ئەم مانگە، سەرۆک ترەمپ گەمارۆی خستە سەر ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرانەی کە مامەڵە لەگەڵ ڤەنزوێلا دەکەن. لەو چوارچێوەیەشدا، هێزەکانی ئەمەریکا دەستیان بەسەر دوو کەشتیی نەوتهەڵگردا گرتووە و گەڕان بەدوای سێیەم کەشتیی سزادراودا بەردەوامە.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل