ئاکپارتی: ئامانجی سەرەکیمان هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و باڵەکانییەتی
عومەر چەلیک، گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) دەڵێت: تورکیا بە ستراتیژییەکی نوێوە کار بۆ کۆتاییهێنان بە پرسی تیرۆر دەکات و جەخت دەکاتەوە، کلیل و بنەمای هەر پرۆسەیەک، هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و باڵەکانییەتی و چەکدانانیان.
چەلیک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دوای کۆبوونەوەی سەرکردایەتی پارتەکەی بە سەرۆکایەتیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، چەند خاڵێکی سەرەکی دەربارەی پەکەکە و دۆخی سووریا خستە ڕوو کە گرنگترینیان بریتیبوون لە:
بە بێ مەرج هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و باڵەکانی:
گوتەبێژی ئاکپارتی ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجیان تەنیا پەکەکە نییە لە ناوخۆی تورکیا، بەڵکو دەبێت تەواوی باڵەکانی ئەو ڕێکخراوە لە سووریا (هەسەدە و یەپەگە)، لە ئێران (پەژاک) و تەنانەت پێکهاتە نایاساییەکانیان لە ئەوروپاش بە یەکجاری هەڵوەشێنەوە.
چەکدانان نەک تەنیا دروشم:
چەلیک گوتی: "کلیلەکە ئەوەیە کە چەکدانان و هەڵوەشاندنەوە جێبەجێ بکرێت. دەبێت چەکەکان ڕادەست بکرێن یان بسووتێنرێن، نەک تەنیا وەک دروشم بمێنێتەوە."
هەسەدە وەک هەڕەشە دەبینرێت:
گوتەبێژی ئاکپارتی دەڵێت: هەسەدە هەر پەکەکەیە لە سووریا، بۆیە تورکیا بە هەڕەشەی دەبینێت.
گوتیشی: "بوونی دوو سوپا لە سووریا بە واتای شەڕی ناوخۆ دێت و ئێمە قەوارەیەکی سەربازیی جگە لە سوپای نیشتمانیی سووریا قبووڵ ناکەین."
پابەندبوون بە ڕێککەوتنی 10ی ئاداری 2025:
عومەر چەلیک هۆشداری دا کە دەبێت هەسەدە پابەندی ڕێککەوتنی 10ی ئادار بێت بۆ ئەوەی چیتر وەک هەڕەشە سەیر نەکرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد کە تورکیا ئاگاداری وردەکارییەکانە و دەبینن پەکەکە لە ڕەققە و دێرەزوور خەریکی لێدانی تونێل و توکمەکردنی پێگە سەربازییەکانە، ئەمەش نیشانەی تێکدانی سەقامگیرییە.
لە کۆتایی قسەکانی عومەر چەلیک، گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان ڕایگەیاند، تورکیا بە "ئارامگرتنێکی ستراتیژییەوە" چاودێری هەموو جموجووڵەکانی پەکەکە لە گارا، خواکورک و شنگال دەکات و ڕێگە نادات هیچ لایەنێک لە ژێر ناوی "وەکالەت" یاری بە سەقامگیریی ناوچەکە و تەبایی برایەتیی کورد و تورک و عەرەب بکات.
