مەترسیی پێشبڕکێی ئەتۆمی؛ چین ژمارەی مووشەکەکانی زیاتر دەکات

نمایشی مووشەکە ستراتیجییەکان لە پەکین. وێنە: ڕۆیتەرز
نمایشی مووشەکە ستراتیجییەکان لە پەکین. وێنە: ڕۆیتەرز

ڕەشنووسی ڕاپۆرتێکی وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا 'پێنتاگۆن' نیگەرانیی خۆی لە نیازە سەربازییەکانی چین دەربڕیووە و ئاماژەی بەوە کردووە، چین، زیاتر لە 100 مووشەکی بالیستیی دوورمەودای لە نوێترین سێ سەکۆی هەڵدانی مووشەکدا جێگر کردووە و هیچ خواستێکیشی بۆ گفتوگۆ سەبارەت سنووردارکردنی چەکە ستراتیجییەکان نییە.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی "چین، سەرقاڵی نوێکردنەوەی جۆر و توانای چەکەکانیەتی و بە خێراییەکی زیاتر لە هەر هێزێکی دیکەی ئەتۆمی مەودای مووشەکەکانی فراوانتر دەکات."

 پەکین، ئەو ڕاپۆرتانەی کە باسی بەهێزکردنی تواناکانی دەکەن، بە هەوڵێک وەسف کرد بۆ لەکەدارکردنی ناوبانگی و چەواشەکردنی بەئەنقەستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

پلانی دۆناڵد ترەمپ

مانگی ڕابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، گوتی: ڕەنگە لەگەڵ چین و ڕووسیا، پلانێک بۆ داماڵینی چەکی ئەتۆمی دابڕێژێت. بەڵام ڕەشنووسی ڕاپۆرتەکەی پێنتاگۆن، ئاماژەی بەوە کردووە "لەوە ناچێت ئەو بابەتە بەلای پەکینەوە جێی بایەخ بێت."

ڕاپۆرتەکەی پێناتگۆن، دەڵێت: تا ئێستا هیچ خواستێک لە لایەن پەکینەوە بۆ داماڵینی چەکی ئەتۆمی، یان بەشداریی لە گفتوگۆیەکی گشتگیر لەو بارەیەوە، بەدی ناکەین.

ڕاپۆرتەکە، هەروا جەخت لەوە دەکاتەوە "لەوانەیە چین، زیاتر لە 100 مووشەکی بالیستی دوورمەودای جۆری DF-31، کە بە سووتەمەنیی ڕەق کار دەکەن لە پێگە سەربازییەکانی نزیک سنووری مەنگۆلیا، جێگر کردبیت."

وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا، پێشتر ئاماژەی بە بوونی ئەو پێگانە کردبوو، بەڵام باسی لە ژمارەی مووشەکە بالیستییە جێگیرکراوەکان نەکردبوو.

ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا، دەڵێت: ژمارەی مووشەکە بالیستییەکانی چین، ئەوانەی توانای هەڵگرتنی کڵاوی ئەتۆمییان هەیە، لە ساڵی 2024 دا 600 مووشەک بووە. بەڵام وادیارە چین بە نیازە تا ساڵی 2030 ژمارەی ئەو مووشەکانە بگەیەنێتە هەزار دانە.

توانای ئەتۆمیی چین

چین دەڵێت  "پابەندە بە ستراتیجیی ئەتۆمی بۆ بەرگری لە خۆکردن و پەیڕەوی سیاسەتی دەستپێشخەرینەکردن دەکات لە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیدا".

ڕاپۆرتەکەی پێنتاگۆن بە وردی باسی لە بەهێزکردنی تواناکانی چین کردووە و دەڵێت "پەکین پێشبینی دەکات تا کۆتایی  ساڵی 2027، بتوانێت جەنگێک دژی تایوان بەرپا بکات و تێیدا سەرکەوتوو بێت."

چین، تایوان، ئەو دوورگەیەی حوکمڕانییەکی دیموکراتی هەیە، بە بەشێک لە خاکەکەی خۆی دەزانێت و هەرگیز دەستبەرداری بیرۆکەی بەکارهێنانی هێز نەبووە بۆ گەڕاندنەوەی دوورگەکە بۆ سەر چین.

کۆتایی پەیماننامەی نیو ستارت

ڕاپۆرتەکەی پێنتاگۆن لە کاتێکدایە کە کەمتر لە دوو مانگ ماوە بۆ کۆتاییهاتنی کارکردن بە پەیماننامەی 'نیو ستارت' کە دواین ڕێککەوتنە بۆ سنووردارکردنی چەکی ئەتۆمی لە نێوان ئەمەریکا و ڕووسیا و هەردوو لا پابەند دەکات بەوەی زیاتر لە 1550 کڵاوەی ئەتۆمی کە دابەش کراون بەسەر 700 سەکۆی هەڵداندا، بڵاو نەکەنەوە.

ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا و جۆو بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، لە شوباتی 2021ـدا ڕێککەوتنەکەیان بۆ ماوەی 5 ساڵ درێژ کردەوە، بەڵام ڕێککەوتنەکە ماددەی وای تێدایە کە ڕێگە بە درێژکردنەوەی فەرمیی تر نادات.

زۆرێک لە شارەزایان لەوە دەترسن کە کۆتایی هاتنی کارکردن بەم ڕێککەوتنە، ببێتە هۆی دەستپێکی پێشبڕکێی چەکی ئەتۆمیی لە لایەن ئەمەریکا و ڕووسیا و چینەوە.

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل