سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری ئێران داوای راوه‌دوونانی سیخوڕان له‌ وڵاته‌كه‌ی ده‌كات

دەبێت ئێمە خۆمان بەھێز بكەین

K24 – هه‌ولێر:  

سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری كۆماری ئیسلامی ئێران، "ئیبراھیم رەئیسی" داوای  لە داواكاری گشتی  وڵاته‌كه‌ی كرد، تیمێكی تایبەت پێكبھێنن بۆ لێكۆڵینەوە لە ئەنجامدەرانی "تاوانی تیرۆركردنی" زانای ئەتۆمیی ئێرانی، "فەخریزادە" و ئەوانەی لە پشت ئەنجامدەره‌كانن.

"رەئیسی" لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا، ئەمڕۆ دووشەممە گوتی: پێویستە لەسەر داواكاری گشتی، بە ھاوكاری لەگەڵ دەستەی ئەركانی گشتیی ھێزە چەكدارەكان، دەسەڵاتی دادوەری ھێزە چەكدارەكان، دامودەزگاكانی ھەواڵگری و ئیتڵاعات كار بكەن بۆ پێكھێنانی تیمێكی تایبەتی كاركردن بۆ راوه‌دوونانی ئەنجامدەرانی تیرۆركردنەكە و ئەوانەی لە پشتیانن.

جەختیشیكردەوە،"پێویستە دەزگاكانی ھەواڵگری و ئه‌منی وڵات بۆ یەك ساتیش دوو دڵ نەبن لە دەستنیشانكردن و وێرانكردنی تۆڕەكانی سیخوڕی لە تەواوی ناوچەكانی وڵاتدا، ھەروەھا ھەر كەسێك، كە لە ناوەوە، پیلان بگێڕێت بۆ گەیاندنی ئاماژەكان بە دوژمن".

"رەئیسی" راشیگەیاند، "ئەو رۆژئاوایەی داوامان لێدەكات دان بەخۆماندا بنێین، گڵۆپی سەوز بۆ تیرۆریستان دادەگیرسێنێت" و گوتی: "پێویستە بەتوندی رێوشوێن دژ بە دوژمن بگیرێتەبەر، چونكە ئەو تەنھا لۆجیكی ھێز دەزانێت"، بەردەوامیش بوو لە قەسەكانی و گوتیشی: "سزاكان و تیرۆركاری دوو رووی یەك دراون".

سەرۆكی دەستەی دادوەری روونیشكردەوە، ئومێدبەستن بە لابردنی سزاكان بەرێگای دانوستان ھەڵەیە و ئەزموونەكان چەسپاندوویانە دەبێت ئێمە خۆمان بەھێز بكەین لە بەرپەرچدانەوەی سزاكان و كارە تیرۆریستییەكان".

سەرچاوە: RT

Fly Erbil Advertisment