یسرائیل کاتز: هەرگیز بەتەواوی لە غەززە ناکشێینەوە و لە سووریاش دەمێنینەوە

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل سیاسەتی داهاتووی حکوومەتی وڵاتەکەی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی هەرگیز بە تەواوەتی کەرتی غەززە چۆڵ ناکات و لە خاکی سووریاش دەمێننەوە.

سێشەممە 23ـی کانوونی یەکەمی 2025، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، دووپاتی کردەوە حکوومەتی وڵاتەکەی "حکوومەتی ئۆردووگاکانە" و بەو پێیەش پلانیان هەیە لە باکووری کەرتی غەززە ئۆردووگای نیشتەجێبوون دروست بکەن، بۆیە بژاردەی کشاندنەوەی تەواوەتی هێزەکانیان لەو کەرتە لە ئارادا نییە.

سەبارەت بە دۆخی کەناری ڕۆژئاوای فەڵەستین، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە دا، حکوومەتەکەیان شەرم لەوە ناکات ئەگەر پێویست بکات و لە کاتی گونجاودا، سەروەریی ئیسرائیل بەسەر کەناری ڕۆژئاوادا دەسەپێنێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا و لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بوونی هێزەکانیان لە خاکی سووریا، کاتز هەڵوێستێکی توندی نیشاندا و ڕایگەیاند: یەک ملیمەتر لە خاکی سووریا پاشەکشە ناکەین و لە شوێنی خۆمان دەمێنینەوە، چونکە متامانەمان بە هیچ هێزێک نییە کە هاووڵاتییانمان بپارێزێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، 9ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئیسرائیل و حەماس واژۆیان لەسەر سەرجەم بەند و خاڵەکانی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی غەززە کرد، کە بریتین لە ڕاگرتنی شەڕ و ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان و زیندانییە فەڵەستینییەکان و گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە.

هەروەها ڕۆژی دووشەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2025، لووتکەی شرم شێخ لە میسر بە ئامادەبوونی زیاتر لە 20 سەرکردەی وڵاتان بۆ ئاشتیی غەززە بەڕێوە چوو و هەر یەک لە ئەمەریکا، میسر، قەتەر و تورکیا ئاگربەستی غەززەیان واژۆ و کرد و دڵنیاییان لە جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە دا.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل