واشنتن پۆست: ئیسرائیل چەکی بۆ چەکدارە دروزەکانی سووریا دابین کردووە
ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمەریکی ئاشکرای کردووە، کەمێک دوای ڕووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، ئیسرائیل دەستیکردووە بە ناردنی چەک و تەقەمەنی بۆ پڕچەککردنی ئەنجوومەنی سەربازی لە پارێزگای سوەیدا، کە پێگەی سەرەکیی دروزەکانی باشووری سووریایە.
ڕۆژنامەکە لە زاری دوو بەرپرسی ئیسرائیلییەوە بڵاوی کردووەتەوە، پرۆسەکە لە 17ی کانوونی یەکەمی 2024 دەستی پێ کردووە، کاتێک هەلیکۆپتەرەکانی ئیسرائیل لەگەڵ هاوکارییە مرۆییەکاندا، باری چەکیشیان بۆ دروزەکان خستووەتە خوارەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئامانجی ئیسرائیل لەم هەنگاوە، ئاستەنگ دروستکردنبوو لە بەردەم هەوڵەکانی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بۆ یەکخستنەوەی وڵاتەکە، ئیسرائیل ویستوویەتی لە ڕێگەی پشتیوانیکردنی میلیشیا دروزەکانەوە بەربەست بۆ حکوومەتە نوێیەکە دروست بکات.
واشنتن پۆست ئاماژەی بەوەش داوە، ناردنی چەک لە مانگی نیسانی ڕابردوودا گەیشتووەتە لووتکە، کاتێک شەڕ و پێکدادان لەنێوان چەکدارانی دروز و هێزەکانی سەر بە ئەحمەد شەرع دروست بوو. ئەو چەکانەی ئیسرائیل ناردوونی زۆربەیان بەکارهاتبوون و هی کوژراوانی حزبوڵڵا و حەماس بوون کە دەست سوپای ئیسرائیل کەوتبوون.
بەڵام لە مانگی ئابەوە گواستنەوەی چەک کەمبووەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ئیسرائیل ستراتیژی خۆی گۆڕی و دەستی بە دانوستان کرد لەگەڵ ئەحمەد شەرع.
سەبارەت بە دۆخی ئێستا، سەرکردەکانی دروز و بەرپرسێکی پێشووی ئیسرائیل بە ڕۆژنامەکەیان ڕاگەیاندووە؛ ئیسرائیل بەردەوامە لە ناردنی کەرەستەی سەربازیی وەک زرێپۆش و پێداویستی پزیشکی، هاوکات مووچەی مانگانە لەنێوان 100 بۆ 200 دۆلار دەداتە نزیکەی سێ هەزار چەکداری دروز لە سووریا.
