ئۆرتاگۆس: ئەمەریکا ئامادەیە بۆ گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران

مۆرگان ئۆرتاگۆس، ڕاوێژکاری نوێنەرایەتی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و گوتەبێژی پێشووی وەزارەتی دەرەوە، ڕایگەیاند؛ وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ گفتوگۆی فەرمی لەگەڵ ئێران، بەو مەرجەی تاران ئامادە بێت بۆ "گفتوگۆی ڕاستەوخۆ و مانادار".

ئۆرتاگۆس لە میانی دانیشتنێکی ئەنجوومەنی ئاسایشدا جەختی کردەوە ئەمەریکا دانووستانی ئاشکرا و بێبەرنامە ئەنجام نادات. هەروەها ئاماژەی بەوە دا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە ماوەی هەردوو خولی سەرۆکایەتییەکەیدا (خولی پێشوو و ئێستا) "دەستی دیپلۆماسی" بۆ تاران درێژ کردووە.

لە بەرامبەردا، ئەمیر سەعید ئیروانی، باڵوێزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، دووپاتی کردەوە؛ وڵاتەکەی "بەتەواوی پابەندە بە دیپلۆماسییەتی پرەنسیپی و دانوستانی ڕاستەقینە". ئیروانی تۆپەکەی خستە گۆڕەپانی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕایگەیاند: "ئێستا ئەرکی فەرەنسا، بەریتانیا و ئەمەریکایە ڕێڕەوی خۆیان بگۆڕن و هەنگاوی کۆنکرێتی و باوەڕپێکراو بنێن بۆ دووبارە بونیادنانەوەی متمانە."

بەگوێرەی ئاژانسی "ئەسۆشێتد پرێس"، باڵوێزی ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە؛ تاران هێشتا پابەندە بە بنەما سەرەکییەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 (JCPOA)، کە تێیدا تاران ڕەزامەندی دەربڕیبوو لەسەر سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزاکان، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل