بەفر دەروازەی کێلێی داخستووە؛ "دیوی ئێران پاک نەکراونەتەوە"
دەروازەی کێلێ بە ڕووی گەشتیاران و بازرگاناندا داخرا و ڕێگاکانی دیوی ئێران پاک نەکراونەتەوە.
هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانی لە دەروازەی سنووریی کێلێ لە دیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە وەستاوە. هۆکاری وەستانەکە پاکنەکردنەوەی ڕێگای سەر سنوورە لە بەفر.
ژمارەیەک گەشتیاری هەرێمی کوردستان کە بەنیازبوون سەردانی ئێران بکەن و لە سنوور ماونەتەوە، بە ئاراس ئەمین، پەیامنێری کوردستان24ـیان ڕاگەیاند، بتیمەکانی ڕاماڵینی بەفر لە دیوی هەرێمی کوردستان، ڕێگاکەیان تا خاڵی سفری سنووریی کۆماری ئیسلامی ئێران پاککردووەتەوە؛ بەڵام لە دیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەفرێکی زۆر باریوە و تیمەکانی ئێران ڕێگاکەیان پاکنەکردووەتەوە.
گەشتیاران گەیشتوونەتە دەروازە سنوورییەکە و ڕێگای دیوی هەرێمی کوردستان ئاساییە. ئەوان ئێستا چاوەڕێی پاککردنەوەی ڕێگاکە و کردنەوەی دەروازەکەن لەلایەن ئێرانەوە بۆ ئەوەی بتوانن درێژە بە گەشتەکەیان بدەن.
دەروازەی سنووریی کێلێ، دەکەوێتە 10 کیلۆمەتریی شاری سەردەشت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و 20 کیلۆمەتریی شاری قەڵادزێ لە هەرێمی کوردستان. ئەم دەروازەیە لە ساڵی 2019 لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە بە فەرمی ناسێنرا و وەک نزیکترین ڕێڕەوی بازرگانی بەرەو باکووری عێراق دادەنرێت.
گرنگیی ئابووریی کێلێ لە ئاستێکی بەرزدایە و بەردەوام لە گەشەسەندندایە؛ بۆ نموونە، تەنیا لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2023، بە بەهای زیاتر لە 94 ملیۆن دۆلار کاڵا لەم دەروازەیەوە هەناردەی هەرێمی کوردستان کراوە، ئەمەش بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی پێشتر 80% زیادیکردووە.
ڕۆژانە بە تێکڕا نزیکەی 180 تا 200 بارهەڵگر کاڵای جۆراوجۆر وەک کاشی، سیرامیک، ئاسن، بەرهەمی پلاستیکی و خۆراکی لێوە دەپەڕێتەوە. ئەم جووڵە بازرگانییە هەلی کاری بۆ زیاتر لە 2,000 کەس لە ناوچەکەدا ڕەخساندووە.
