ئەردۆغان: لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی سوپاسالاری لیبیا دەستی پێکردووە
سەرۆک کۆماری تورکیا، بە هۆی گیانلەدەستدانی سوپاسالاری لیبیا و هاوەڵانی، سەرەخۆشی لە حکوومەت و گەلی لیبیا دەکات. هاوکات دەڵێت: لێکۆڵینەوە لە ڕووداوە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە دەستی پێکردووە.
چوارشەممە، 24ـی کانوونی یەکەمی 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) نووسیویەتی: دڵتەنگ و خەمبارم بە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی محەممەد عەلی حەداد، سوپاسالاری لیبیا و هاوەڵانی.
سەرۆک کۆماری تورکیا، دەڵێت: بە ناوی وڵات و گەلەکەمەوە پرسی سەرەخۆشی ئاراستەی حکوومەت و گەلی لیبیا دەکەم، لە خوای گەورە داواکارم گیانی کۆچکردووان بە بەهەشت شاد بکات.
هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، لێکۆڵینەوە لە بارەی ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە دەستی پێکردووە و، زانیاری لەو بارەیەوە لە لایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەکانمانەوە بڵاو دەکرێتەوە.
Dün Ankara’dan Trablus’a giderken kaza kırıma uğrayan uçakta şehit olan Libya Genelkurmay Başkanı Orgeneral Muhammed Ali El Haddad’ın başkanlığını yaptığı Libya heyetine ve uçak mürettebatına Rabb’imden rahmet niyaz ediyor; kardeş Libya halkına, Libya Silahlı Kuvvetlerine ve…
— Recep Tayyip Erdoğan (@RTErdogan) December 24, 2025
محەممەد حەداد، سوپاسالاری هێزە چەکدارەکانی لیبیا و شاندی یاوەری، ڕۆژی سێشەممە 23ـی کانوونی یەکەمی 2025، بە مەبەستی ئەنجامدانی چەندین کۆبوونەوەی فەرمی سەردانی تورکیایان کردبوو.
کاتژمێر 8:10ـی شەوی هەمان ڕێکەوت، سوپاسالاری لیبیا و هاوەڵانی لە فڕۆکەخانەی ئیسەنبۆغا لە ئەنقەرە بە ڕێ کەوتن بۆ تەرابلوس. بە پێی مێدیاکانی تورکیا، فڕۆکەکە دوای ماوەیەکی کەم لە فڕینی، بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی کەوتە خوارەوە و سەرجەم سەرنشینانی گیانیان لە دەست دا.
