بە هەلیکۆپتەر دهۆک سەوز دەکرێت
لە هەنگاوێکی ژینگەیی ناوازەدا، پرۆژەی ستراتیژیی "تۆوی ژیان" لە پارێزگای دهۆک دەستیپێکرد. ئەم پرۆژەیە ئامانجی زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی و بووژاندنەوەی دارستانەکانە لەڕێگەی وەشانـدنی یەک ملیۆن "خرۆکەی تۆو" بە هەلیکۆپتەر لە ناوچە شاخاوییەکان.
ڕێکخراوی "زیلا بۆ مرۆڤایەتی" بەڕێوەبردنی پرۆژەکە لە ئەستۆ دەگرێت و بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەوانیی هاتوچۆی دهۆک جێبەجێی دەکات. خرۆکەکانی تۆو بە دەستی زیاتر لە 500 گەنجی خۆبەخشی پارێزگاکە ئامادە کراون. هەر خرۆکەیەک 10 بۆ 15 جۆر تۆوی داری خۆماڵیی تێدایە، وەک سنەوبەر، سماق و گوێژ.
نیوار بەرواری، سەرۆکی ڕێکخراوی زیلا بۆ مرۆڤایەتی، گوتی: "ئامانجی سەرەکیی پرۆژەکە زیادکردنی ڕێژەی دارستان و سەوزاییە. چاوەڕوان دەکرێت لە کۆی یەک ملیۆن خرۆکەی تۆو، نزیکەی 10 بۆ 15 ملیۆن دار شین ببن."
بەهۆی سەختیی گەیشتن بە زۆرێک لە ناوچە شاخاوییەکان، تەکنیکی تۆو وەشانـدن لە ئاسمانەوە بە هەلیکۆپتەر هەڵبژێردراوە. بەدرخان وەیسی، بەڕێوەبەری بەشی فڕۆکەوانی لە هاتوچۆی دهۆک، ڕایگەیاند: "پلانەکە بەردەوام دەبێت و لە ماوەی دوو هەفتەدا تەواو دەکرێت. ئەم شێوازە یارمەتیدەرە بۆ بڵاوکردنەوەی تۆوەکان بە شێوەیەکی خێرا و فراوان."
پرۆژەکە لە دوو قۆناغ پێکدێت؛ لە قۆناغی یەکەم 500 هەزار خرۆکەی تۆو فڕێدراوە و لە قۆناغی دووەمیشدا 500 هەزار خرۆکەی دیکە دەوەشێنرێت.
دڵشاد عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی دهۆک، ستایشی پرۆژەکەی کرد و گوتی: "ئەمە بیرۆکەیەکی نوێیە و سوود لە تەکنەلۆژیا وەردەگرێت بۆ خزمەتکردنی ژینگە. بێگومان کاریگەرییەکی ئەرێنیی لەسەر ژینگەی ناوچەکە دەبێت."
ئەم پرۆژەیە هاوکاتە لەگەڵ چەندان هەوڵی دیکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی و ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا. حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەمدا ڕێژەی سەوزایی لە 15% بۆ 20% بەرزکردووەتەوە، پارێزگای دهۆکیش بە ڕێژەی 27.6% سەوزایی پێشەنگی پارێزگاکانی دیکەیە.
پرۆژەی "پشتوێنی سەوزی هەولێر" یەکێکی دیکەیە لە پرۆژە ستراتیژییەکان، ئامانجی چاندنی حەوت ملیۆن دارە لە دەوری شار و کەمکردنەوەی 210,000 تۆن دووەم ئۆکسیدی کاربۆنە لە ساڵێکدا. عێراق بە گشتی وەک پێنجەم وڵاتی زۆرترین زیانلێکەوتووی گۆڕانی کەشوهەوا پۆلێنکراوە. هەڵمەتەکانی دارچاندن، وەک پرۆژەی "تۆوی ژیان"، وەڵامێکی گرنگن بۆ ئەم مەترسییانە و هەنگاوێکن بەرەو داهاتوویەکی سەوزتر.
