حکوومەتی سووریا بۆ کوردستان24: پێش سەری ساڵ هەسەدە تێکەڵ بە سوپا دەکرێت

پێش سەری ساڵ بە سەرپەرشتیی ئەمەریکا، مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع لە دیمەشق کۆدەبنەوە. 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ـی کانوونی یەکەمی 2025، سەرچاوەیەک لە حکوومەتی سووریا بە ئەنوەر عەبدوڵلەتیف، پەیامنێری کوردستان24ـی لە دیمەشق ڕاگەیاند، پێش سەری ساڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) سەردانی دیمەشق دەکات.

بە گوێرەی هەمان سەرچاوەی کوردستان24، لە سەردانەکەیدا، مەزڵووم عەبدی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریا کۆدەبێتەوە و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ـی ئادار تاوتوێ دەکەن.  

سەرچاوەکەی کوردستان24 ئەوەشی خستەڕوو، پێش سەری ساڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) تێکەڵ بە سوپای سووریا دەکرێن. ئاماژەی بەوەش کرد، پرۆسەی تێکەڵکردنە، بە گوشار و سەرپەرشتیی ئەمەریکا، بەریتانیا و فەرنسایە. 

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، چاوەڕێ دەکرێت لە دوو ڕۆژی داهاتوودا هەسەدە و حکوومەتی سووریا لەبارەی تێکەڵکردنی هێزەکانیانەوە بگەنە ڕێککەوتن، بە جۆرێک زیاتر لە 90 هەزار ئەندامی هەسەدە تێکەڵی وەزارەتی بەرگریی و ناوخۆی سووریا دەکرێن و ئەمەریکا سەرپەرشتیی پرۆسەکە دەکات. 

ڕێککەوتنی 10ی ئادار: نەخشەڕێگەیەک بۆ یەکخستنەوە

لە 10ی ئاداری 2025، مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع ڕێککەوتنێکی مێژووییان واژۆ کرد کە ئامانجی سەرەکی یەکخستنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بوو لەگەڵ حکوومەتی نوێی دیمەشقدا. ڕێککەوتنەکە، کە لە هەشت خاڵ پێکهاتووە، جەخت لەسەر پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا، گەرەنتیکردنی مافی هەموو پێکهاتەکان بە کوردیشەوە، و ڕاگرتنی شەڕ دەکاتەوە. یەکێک لە خاڵە هەرە سەرەکییەکانی ئەم ڕێککەوتنە، تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە بوو بە سوپای سووریاوە، کە ئەمەش بە وادەی کۆتایی ساڵی 2025 دیاریکرابوو.

 

ڕۆڵی ئەمریکا و زلهێزە ڕۆژئاواییەکان

ئەمەریکا، شانبەشانی بەریتانیا و فەرەنسا، وەک گەرەنتیکاری جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ی ئادار ناویان هاتووە. ئەمەریکا لە سەرەتاوە ڕۆڵی نێوەندگیری لە دانوستاندنەکاندا گێڕاوە و بەردەوام هانی هەردوولای داوە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی. لە چەندین بۆنەدا، بەرپرسانی ئەمریکی، لەوانە فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (CENTCOM)، پشتیوانی خۆیان بۆ تێکەڵکردنی هەسەدە لە چوارچێوەی سوپایەکی نیشتمانیی یەکگرتوودا دەربڕیوە، بەو پێیەی ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ئاسایشی ناوچەکە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا، لە مانگی تشرینی دووەمی 2025 داوای کردبوو، ئەمەریکا ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی پرۆسەی تێکەڵکردنی هەسەدە بە دامەزراوە ئەمنییەکانی حکوومەتی ناوەندی بکات، بۆ ئەوەی دڵنیایی بدرێت لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە و ڕێگری لە سەرهەڵدانەوەی داعش بگیرێت.

 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل