هاوپەیمانی مەسیحیی عێراقی: وتارەکەی پاتریارک ساکۆ پەیامی ئاشتی و نیشتمانپەروەرییە

لە ژێر دروشمی "ڕاستی دەزانن و حەقیقەت ئازادتان دەکات"، هاوپەیمانی مەسیحیی عێراقی ڕوونکردنەوەیەکی گرنگی سەبارەت بە لێدوانەکانی ئەم دواییەی کاردیناڵ لویس ڕافایل ساکۆ، پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان بڵاوکردەوە.

ڕوونکردنەوەکە وەک وەڵامێک بۆ ئەو مشتومڕە میدیایی و لێکدانەوە چەواشەکارانە دێت لە وتاری جەژنی کریسمس و چاوپێکەوتنە تەلەفزیۆنییەکانی سەریهەڵداوە.

هاوپەیمانییەکە جەخت دەکاتەوە؛ لێدوانەکانی بەختەوەریی پاتریارک لە چوارچێوەیەکی تەواو ئایینی، مرۆیی و کولتووریدا بوون. ئامانجی سەرەکی وتارەکە تیشکخستنە سەر بەهای ژیانی مرۆڤ و پێگەی مێژوویی عێراق بووە وەک "خاکی شارستانیەتەکان"، نەک گرتنەبەری هەڵوێستێکی سیاسی دژ بە پرەنسیپە نیشتمانییەکان. هەر هەوڵێک بۆ شێواندنی دەقی وتارەکە، بە هەوڵێکی مەبەستدار بۆ زیانگەیاندن بە پێگەی کەنیسە و پێکەوەژیان لەقەڵەم دراوە.

سەبارەت بە بەکارهێنانی زاراوەی "ئاساییکردنەوە" لە چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ کەناڵی (ئەلشەرقیە)، ڕوونکردنەوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە مەبەستی پاتریارک گەڕاندنەوەی پەیوەندییە مرۆیی و نیشتمانییەکان بووە بۆ دۆخی سروشتی خۆیان. ئەم زاراوەیە وەک چەمکێکی دەستووری بەکارهاتووە (هاوشێوەی ماددەی 140ـی دەستوور) کە واتای گەڕاندنەوەی سەقامگیری و چاکسازی لە پەیوەندییەکان دەگەیەنێت لە چوارچێوەی یاسادا، نەک هیچ مانایەکی سیاسی قەدەغەکراو.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ مەسیحییەکان بەشێکی ڕەسەن و دانەبڕاوی مێژووی عێراقن. کەنیسەی کلدان دووپاتی دەکاتەوە کە هەمیشە لەگەڵ عێراقێکی سەربەخۆ، خاوەن سەروەری و بەهێزدایە و دژی گەندەڵی، چەکی بێسەروبەر و دەستێوەردانی سیاسییە. هەروەها ڕەتیدەکاتەوە کەنیسە یان پێکهاتەی مەسیحی پەلکێشی ناو ململانێی لایەنە سیاسییەکان یان "سیاسەتمەدارە هەلپەرستەکان" بکرێت کە دەیانەوێت بۆ بەرژەوەندی شەخسی و تائیفی، لێدوانەکان بەکاربهێنن.

هاوپەیمانییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە؛ پاتریارک ساکۆ و کەنیسەی کلدان هەمیشە پشتیوانی دۆزە مرۆییە دادپەروەرەکان بوون، لە سەرووی هەمووشیانەوە دۆزی فەڵەستین، بەڵام ئەم پشتیوانییەی کەنیسە لە ڕوانگەیەکی مرۆیی و ئەخلاقییەوەیە، نەک بۆ خزمەتکردنی ئەجێندای گرووپە گەندەڵەکان.

لە کۆتاییدا، هاوپەیمانی مەسیحیی عێراقی داوا لە سەرجەم هاووڵاتیان دەکات لە دەوری پاتریارک کۆببنەوە و ڕێگە نەدەن هەڵمەتە چەواشەکارییەکان یەکڕیزی نیشتمانی تێکبدەن. ڕاگەیەندراوەکە بە پیرۆزبایی جەژنی کریسمس بۆ هەموو عێراقییەکان و نزا بۆ ئاشتی و شکۆمەندی میزۆپۆتامیا کۆتایی هاتووە، بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە "ڕاستی هەمیشە وەک خۆی دەمێنێتەوە".

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل