بەبێ ئامادەبوونی کاندیدەکان، چارەنووسی پۆستی سەرۆک وەزیران یەکلایی دەکرێتەوە
چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەیەکی داخراو بەبێ ئامادەبوونی کاندیدانی پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو ئەنجام دەدات.
موعین کازمی، سەرکردەی ڕێکخراوی بەدر، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکە لەم هەفتەیەدا بەڕێوەدەچێت. باسی لەوەش کرد، کۆبوونەوەکە جیاواز دەبێت لە کۆبوونەوە خولییەکانی پێشوو. تێیدا گفتوگۆ لەبارەی میکانیزمەکانی هەڵبژاردنی کەسایەتییەک بۆ سەرکردایەتی حکوومەتی داهاتوو دەکەن.
کازمی ئەوەشی ئاشکرا کرد، پرسی دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیران دوای هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانی یەکلایی دەبێتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، ژمارەی کاندیدەکان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کەمکراوەتەوە بۆ نزیکەی چوار ناو. لە دیارترین ئەو ناوانەی کێبڕکێ لەسەر وەرگرتنی پۆستەکە دەکەن محەمەد شیاع سوودانی و نووری مالیکین.
کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی هاوکاتە لەگەڵ چڕبوونەوەی گفتوگۆکان بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستە سیادییەکانی عێراق. دوای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی 2025، لایەنە سیاسییەکان لە هەوڵی پێکهێنانی حکوومەتی نوێدان.
بەپێی نەریتی سیاسی لە عێراق، پۆستی سەرۆک وەزیران پشکی شیعەکانە، سەرۆک کۆمار بۆ کوردە و سەرۆکی پەرلەمان بۆ سوننەکانە.
لەلایەکی دیکەوە، پۆستی سەرۆکی پەرلەمان هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە. ماوەیەکە ئەو پۆستە بە بەتاڵی ماوەتەوە و لایەنە سوننییەکان لەسەر یەک بەربژێر ڕێکنەکەوتوون. یەکلاییکردنەوەی ئەم پۆستە بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنرێت بۆ دەستپێکردنی ڕێکارە دەستوورییەکانی دیکە، لەوانە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پاشان ڕاسپاردنی کاندیدی گەورەترین فراکسیۆن بۆ پێکهێنانی حکوومەت.
