پاپای ڤاتیکان داوای بە هاناوەچوونی لێقەوماوانی غەززە دەکات
پاپا لیۆی چواردەیەم، لە یەکەم وتاری جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح پەیامێکی سیاسی و مرۆیی ئاراستەی جیهان کرد و بە ڕاشکاوی باسی لە مەینەتییەکانی دانیشتووانی غەززە کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە میانی ڕێوڕەسمی جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح (کریسمس) پاپای ڤاتیکان "پاپا لیۆی چواردەیەم"، داب و نەریتی باوی گوتارە ڕۆحانییەکانی تێپەڕاند و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ سەرکۆنەی ئەو دۆخەی کرد کە فەڵەستینییەکان تێیدا دەژین.
پاپا لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بە وێرانکارییەکانی کەرتی غەززە کرد و گوتی: "جەنگەکان، چ ئەوانەی بەردەوامن یان کۆتاییان هاتووە، تەنیا داروپەردوو و برینی کراوە بۆ دانیشتووانە بێچەک و بێدەسەڵاتەکان بەجێ دەهێڵن".
لە بەشێکی کاریگەری گوتارەکەیدا، پاپا لیۆ پرسیارێکی ئاراستەی ئامادەبووان و جیهان کرد و ڕایگەیاند: "چۆن دەکرێت بیر لەو خێمانەی غەززە نەکەینەوە، کە چەند هەفتەیەکە لە بەردەم باران و با و سەرمادا کەتوون".
ئەم هەڵوێستەی پاپا درێژکراوەی لێدوانەکانی پێشوویەتی، کە تێیدا جەختی لەسەر "چارەی دوو دەوڵەت" کردبووەوە و بە تاکە ڕێگەچارەی بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی دەیان ساڵەی ئیسرائیل و فەڵەستین پێناسەی کردبوو.
چاودێران ئەم پەیامەی ئەمڕۆی پاپا بە هەنگاوێکی "دەگمەن" پێناسەی دەکەن، بەو پێیەی یەکەم گوتاری فەرمیی کریسمسیەتی و تێیدا دۆخی مرۆیی غەززەی کردووەتە تەوەرێکی سەرەکی.
دۆخی غەززە
دۆخی غەززە ئێستا وەک "کارەساتێکی مرۆیی قووڵ و بەردەوام" پێناسە دەکرێ، سەرباری بوونی ئاگربەست، بەڵام ژێرخانی کەرتەکە بە تەواوی وێران بووە. زۆرینەی دانیشتووان ئاوارەن و لە نێو خێمە و پەناگە کاتییەکاندا دەژین.
هاتنی وەرزی زستان و سەرما و باران، مەینەتییەکانی دانیشتووانی غەززەی قورستر کردووە؛ لافاو خێمەکانی ژێرئاو خستووە و برسییەتی و نەبوونی خزمەتگوزاری پزیشکی هەڕەشە لە ژیانی ملیۆنان کەس دەکات.
دوایین ئاماری کوژراو و برینداران لە غەززە:
-ژمارەی کوژراوان لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ـی تاوەکوو ئێستا گەیشتووەتە سەرووی 70 هەزار کەس.
-ژمارەی بریندارانیش گەیشتووەتە سەرووی 171 هەزار کەس.
-هەزاران کەسیش تا ئێستا لە ژێر داروپەرووی باڵەخانەکاندا ماونەتەوە و تەرمەکانیان نەدۆزراونەتەوە.
پاپای ڤاتیکان "پاپا لیۆی چواردەیەم"
پێنجشەممە 8ـی ئایاری 2025، ڕۆبێرت فرانسیس پریڤۆستی ئەمەریکی، ناسراو بە لیۆی چواردەیەم، بە 267ـەمین پاپای ڤاتیکان هەڵبژێردرا.
پاپە نوێیەکە بە ڕەچەڵەک ئەمەریکییە و لە ساڵی 1955 شاری شیکاگۆی ویلایەتی ئێلینۆیسی ئەمەریکا لەدایک بووە و تەمەنی 69 ساڵە.
