سعوودییه: گیانله‌ده‌ستدانی زانایه‌كی موسڵمان له زیانی ئومه‌تی ئیسلامه
پێویسته بیر له كاردانه‌وه‌ی سۆزدارانه نه‌كرێته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
باڵیۆزی عه‌ره‌بستانی سعوودییه له نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، "عه‌بدوڵڵا موعه‌لیمی" رایگه‌یاند، "وڵاته‌كه‌ی لایه‌نداری كرده‌ی تیرۆریستی ناكات و له‌ناوچوونی زانایه‌كی موسڵمان به زیان بۆ ته‌واوی ئومه‌تی ئیسلامی ده‌شكێته‌وه".
"موعه‌لیمی" له باره‌ی كرده‌ی تیرۆریستی دژ به زانای ناووكی كۆماری ئیسلامی ئێران، گوتیشی: "سعوودییه داوا له ئێران ده‌كات، هه‌نگاو به‌ره‌و گرژبوونی زیاتری ره‌وشه‌كه نه‌نێت"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "كاردانه‌وه‌ی ههڵچوونئاسا و سۆزدارانه هیچ ئه‌نجامێكی ئه‌رێنیان لێ ناكه‌وێته‌وه".
هه‌روه‌ها گوتی: "گرنگه ئێران بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بسه‌لمێنێت، كه نیازپاكه له به‌رهه‌مهێنانی وزه و مه‌به‌ستی له پرۆگرامی ناووكی خۆی، به‌رهه‌مهێنانی بۆمبی ناووكی نییه".
رۆژی هه‌ینی رابردوو، "موحسین فه‌خریزاده" زانای بواری ناووكی كۆماری ئیسلامی ئێران له كرده‌یه‌كی چه‌كداریدا تیرۆر كرا، كه سه‌رۆكایه‌تی سه‌نته‌ری توێژینه‌وه تهكنۆلۆجییهكانی وه‌زاره‌تی به‌رگری كۆماری ئیسلامی ئێرانی ده‌كرد.
سه‌رچاوه: روسیالیوم
وه‌رگێڕان: ئ.ر