کەشناسیی ئێران: سبەی لە 17 پارێزگا بەفر و بارانی بەخووڕ دەبێت
کەشناسیی ئێران پێشبینی دەکات، لە شەممەوە تا دووشەممەی هەفتەی داهاتوو، شەپۆلێکی بارانی بەخووڕ و هەورە برووسکە و کڕێوە و تەمومژ 17 پارێزگای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بگرێتەوە و بەهۆیەوە ئاستەنگ و مەترسی لە چەندان ناوچە دروست دەبێت.
ڕێکخراوی کەشناسیی ئێران ئەمڕۆ هەینی 26ی کانوونی یەکەمی 2025، لە ڕاگەیەندراوێکدا پێشبینییەکانی بۆ چەند ڕۆژی داهاتوو بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەیداوە، ئەو ناوچانەی سبەی شەممە دەکەونە ژێر کاریگەریی شەپۆلێکی بەخوڕی باران، هەورەبرووسکە و بەفر، کە بەهۆیەوە لە بەشێک لەو ناوچانە تەمومژێکی چڕیش دەبێت و پلەکانی گەرما بە ڕادەیەکی زۆر دادەبەزن و تا دەگاتە ئاستی بەستن.
ناوچەکانیش بریتین لە باشوور و ڕۆژئاوای پارێزگای ورمێ، بەری ڕۆژئاوای سنە، پارێزگاکانی کرماشان، ئیلام و لوڕستان لە سنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەروەها لە پارێزگاکانی ئێراندا، شارەکانی چارمەحاڵ و بەختیاری، کۆهگیلویە و بۆیەر ئەحمەد، باکووری پارێزگای فارس دەکەونە ژێر کاریگەر شەپۆلەکەی سبەی.
بۆ یەکشەممە 28ی ئەم مانگە، لە سنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاریگەرییەکانی شەپۆلەکە لە ئیلام، لوڕستان، کرماشان، سنە، باشووری ورمێ و زەنجان باران و بەفر بەردەوام دەبێت، هەروەها لە پارێزگاکانی بوشێهر، فارس، چارمەحاڵ و بەختیاری، کۆهگیلویە و بۆیر ئەحمەد، باکوور و ڕۆژهەڵاتی پارێزگای خوزستان، ئەردەبیل، بەرزاییەکانی گیلان ، ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات و بەرزاییەکانی ئەلبۆرز کاریگەریی شەپۆلەکە بەردەوام دەبێت.
هەروەها ڕێکخراوی کەشناسی و مانگی سووری ئێران هۆشداریان داوەتە خەڵک و دانیشتووانانی ئەو پارێزگایانە، لە گەشت و چالاکییە شاخەوانییە ناپێویستەکان خۆیان بەدوور بگرن و لە قەراغی ڕووبارەکاندا نەوەستن و لە ناوچە شاخاوییەکاندا تایەی ئۆتۆمبێلەکانیان بە زنجیر ببەستنەوە بۆ ئەوەی لە کارەسات و ڕووداوی نەخوازراوی هاتوچۆ پارێزراو بن.
پێشبینی دەکرێت بەهۆی بارانی بەخووڕەوە بەشێک لە چەم و ڕووبارەکانی پڕ ئاو ببنەوە و مەترسی بۆ سەر داخرانی ڕێگەی گوند و ڕێگەکان نێوان شارەکان دروست بکات.
