بۆرێل: رێكەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بۆ ئەوروپا گرنگە

"ئومێد دەكەین بتوانین رێگری لە ئێران بكەین بۆ ئەوەی نەبێتە ھێزێكی ئەتۆمی"

K24 – ھەولێر:

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا، جۆزێب بۆرێل دووپاتیكردەوە، تیرۆركردنی زانای ئەتۆمی ئێرانی، موحسین فەخریزادە، "كارێكی تاوانكارییە" و رێكەوتنی ئەتۆمیی لەگەڵ ئێران بەگرنگی دانا بۆ ئەمنیه‌تی ئەوروپا.

بۆرێل ئەمڕۆ گوتی: "رێكەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بۆ ئەمنییه‌تی ئەوروپا گرنگە و دەبێت خەبات بكەین لە پێناو پاراستنی".

لە میانه‌ی دانیشتنێكی گفتوگۆئامێزدا لە یادی 10 ساڵەی دامەزراندنی فەرمانگەی كاروباری دەرەوەی ئەوروپا، بۆرێل گوتیشی: "تیرۆركردنی زادە كارێكی تاوانكاری بوو و رێگایەك نییە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان".

لە قسەكانیدا بەردەوام بوو و رایگەیاند: ھەندێك ھەن نایانەوێت رێكەوتنی ئەتۆمی بەردەوام بێت، "بەڵام ئێمە وێڕای كشانەوەی ئەمەریكا ھەوڵماندا بیپارێزین.. ئومێد دەكەم بتوانین تاران و واشنتن كۆبكەینەوە و ئێران و ئەمەریكا بگەڕێنەوە سەر پابەندبوون بە تەواوی رێكەوتنەكە".

ھەروەھا جەختیكردەوە، رێكەوتنەكە "بۆ ئاسایشی ئێمە گرنگە، بۆیە ئێمە خەبات دەكەین بۆ پاراستنی ئەو رێكەوتنە و ئومێد دەكەین بتوانین رێگری لە ئێران بكەین بۆ ئەوەی نەبێتە ھێزێكی ئەتۆمی و بەبێ رێكەوتنیش وا دەبێت".

سەرچاوە: سبۆتنیك