هاووڵاتییەکی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کەربەلا- سعوودییە گیانی لە دەست دا

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، خێزانێکی دانیشتووی شاری هەولێر کە بە مەبەستی سەردانی سعوودییە بەڕێکەوتبوون، لە سنووری کەربەلا ئۆتۆمبێلەکەیان تووشی کارەسات بوو و کەسێکیان گیانی لە دەست دا.

هەینی، 26ـی کانوونی یەکەمی 2025، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی کوردستان، بە کوردستان24ـی گوت: ڕووداوێکی هاوتوچۆی سەخت لە ڕێگەی کەربەلا نزیک شارۆچکەی 'نخێب'، لە نێوان ئۆتۆمبێلێکی تایبت و ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر ڕووی دا.

بە پێی زانیارییەکانی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی کوردستان، ئۆتۆمبێلە تایبەتەکە 7 سەرنشینی تێدابوو لە هەولێرەوە بەڕێکەوتبوو بەرەو سعوودییە، لە ئەنجامی ڕووداوەکەدا، سەرنشینێکی نێو ئۆتۆمبێلە تایبەتەکە بە ناوی (خەولە خەلیل عوسمان)، لەدایکبووی ساڵی 1988 گیانی لە دەست دا و شەشی دیکەش بریندار بوون.

کاروان ستوونی ڕوونی کردەوە، ئەو سەرنشینانەی ئۆتۆمبێلە تایبتەکە هی یەک خانەوادە بوونە، لە بنەڕەتدا خەڵکی شارۆچکەی "پردێ"ن، بەڵام نزیکەی 20 ساڵە نیشتەجێی شاری هەولێرن. ئێستا تەرمی ئافرەتەکە لە نەخۆشخانەی "حوسێن"ـە لە شاری کەربەلا.

بە پێی سەرچاوە پزیشکییەکان، دۆخی تەندروستیی سەرجەم بریندارەکان جێگیرە و مەترسی لەسەر ژیانیان نییە، ئەوانیش لە نەخۆشخانەی حوسێنن لە کەربەلا.

ستوونی ئاماژەی بەوە دا، شۆفێری بارهەڵگرەکە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتیی ڕووداوەکە بەردەوامە.

هەروەها گوتی: بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی کوردستان، دەستبەجێ هاتووەتە سەر هێڵ و لە پەیوەندیی بەردەوامدایە بۆ ئەوەی هەر چی پێویست بێت بۆ ئەم خێزانە ئەنجام بدات.

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی کوردستان، دەشڵێت: ئامادەکارییەکان دەستیان پێ کردووە بۆ ئەوەی هەر ئەمشەو تەرمی ئافرەتەکە بگەڕێندرێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان و سەرجەم ئاسانکارییەک بۆ گەڕاندنەوەی بکرێت".

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل