ترەمپ ڕەتی کردەوە دان بە سەربەخۆیی سۆمالیلاند دا بنێت

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ڕایگەیاند؛ ئێستا هیچ بەنیاز نییە دان بە سەربەخۆیی "سۆمالیلاند"دا بنێت. ئەم هەڵوێستەی ترەمپ دوای ئەوە دێت ئیسرائیل وەک یەکەم وڵات بە فەرمی دانی بەو دەوڵەتە تازە ڕاگەیەندراوەدا نا.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "واشنتن پۆست"، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد؛ هەڵوێستەکەی لە هەڵوێستی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جیاوازە. 

کاتێک لەبارەی دانپێدانان بە سۆمالیلاند پرسیار لە ترەمپ کرا زۆر بە کورتی و بێ جۆش و خرۆش وەڵامی دایەوە و گوتی: "بە سادەیی: نەخێر، لەم کاتەدا نا". ترەمپ جەختی کردەوە ئەولەویەتی گفتوگۆکانی لەگەڵ ناتانیاهۆ لەسەر دۆخی غەززە و هەوڵەکانی ئاگربەست و ئاوەدانکردنەوە دەبێت.

سەبارەت بەو پێشنیازەی سۆمالیلاند کە ئامادەیە میوانداری بنکەیەکی دەریایی ئەمەریکا بکات لە نزیک دەروازەی ستراتیژیی دەریای سوور، ترەمپ بایەخی پێشنیازەکەی کەمکردەوە و بە "هیچ شتێکی تایبەت" ناوی برد، هەرچەندە گوتیشی "هەموو شتێک لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە".

ئەم ساردووسڕییەی ترەمپ لە کاتێکدایە لە ناوخۆی ئەمەریکا و لەناو کۆنگرێسدا، بەشێک لە هاوپەیمانە کۆمارییەکانی ترەمپ فشار دەکەن بۆ دانپێدانان بە سۆمالیلاند. چەند نوێنەرێکی کۆمارییەکان پڕۆژە یاسایەکیان ئامادە کردووە بە ناوی "یاسای سەربەخۆیی کۆماری سۆمالیلاند" بە مەبەستی ناچارکردنی واشنتن بۆ گۆڕینی هەڵوێستی بەرەو ئەو ناوچەیە.

ناتانیاهۆ ڕۆژی هەینی ڕایگەیاندبوو، وڵاتەکەی دان بە سۆمالیلاند دا دەنێت و بەڵێنیشی دابوو لە کۆبوونەوەی ڕۆژی دووشەممەیدا لەگەڵ ترەمپ، داوای لێبکات هاوشێوەی ئەو پشتیوانی لەو دەوڵەتە بکات.

ناتانیاهۆ پێشتر لە پەیوەندییەکی ڤیدیۆییدا بە عەبدولرەحمان محەممەد عەبدوڵڵا، سەرۆکی سۆمالیلاندی ڕاگەیاندبوو؛ هەوڵ دەدات سۆمالیلاند بباتە ناو "ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیم" و ئەم بابەتە لەگەڵ ترەمپ تاوتوێ دەکات.

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل