دوو کۆڵبەر لە سەردەشت بەهۆی ڕەنووی بەفرەوە گیانیان لە دەست دا
دوو کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی میراوە لە شاری سەردەشت، بەهۆی ڕەنووی بەفرەوە گیانیان لە دەستدا و دووانی دیکەش بریندار بوون.
شەممە، 27ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئاماری قوربانیانی ڕووداوەکەی شەوی ڕابردووی ناوچە سنوورییەکانی میراوە لە شاری سەردەشت بەرز بووەوە؛ دوای دۆزینەوە تەرمەکان، ناسنامەی دووەمین کۆڵبەری گیانسپاردوو ئاشکرا کرا.
گرووپێک لە کۆڵبەران، دوێنێ هەینی 26ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە کاتی تێپەڕبوون بە ناوچە سنوورییەکانی میراوەی سەر بە شاری سەردەشت، کەوتنە بەر ڕەنووی بەفر. بەهۆی سەختیی ڕووداوەکە و نالەباری کەشوهەوا، چوار کۆڵبەر لەژێر بەفردا گیریان خوارد.
سەرچاوەکان پشتڕاستیان کردەوە، کە لەو ڕووداوەدا دوو کۆڵبەر گیانیان لەدەست داوە و دووانی دیکەش دیکەش بریندار بوون، بریندارەکان دۆخی تەندروستییان لەژێر چاودێریدایە، بەڵام تا ئێستا ناسنامەکانیان بە فەرمی ڕانەگەیەنراوە.
ناسنامەی قوربانییەکان
خەسرەو حەمزەپوور، خەڵکی گوندی دۆڵەگەرمـی سەر بە شاری سەردەشت.
کەمال خزری، خەڵکی شاری پیرانشار و باوکی سێ منداڵ بووە.
بە پشتبەستن بە داتاکان لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ، توندوتیژی و ڕووداوە سروشتییەکان بوونەتە هۆی قوربانیبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە کۆڵبەران.
کۆی گشتیی قوربانییان: لەو ماوەیەدا 37 کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی ورمێ، سنە "کوردستان" و کرماشان بوونەتە قوربانی.
پۆلێنکردنی قوربانییان: لە کۆی ئەو ژمارەیە، 17 کۆڵبەر گیانیان لەدەست داوە و 20 کۆڵبەریش بریندار بوونە.
