"ههژاری ههڕهشه له عێراق دهكات"
هیومەن رایتس وۆچ: دۆخی ئاوارهكانی عێراق زۆر خراپه

K24 - ھەولێر
رێکخراوی هیومەن رایتس وۆچ رایگەیاند، پڕۆسەی داخستنی کەمپەکان و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بێ ئەوەی کاتێکی پێویستیان پێبدرێت، وا دەکات بەشێک لەو ئاوارانە پەراگەندە ببن و بکەونە بازنەی هەژارییەوە.
ئەو رێکخراوە داوای ئازادی گواستنەوەی لەنێوان دانیشتووانی کەمپەکان کردووە، کە هەندێک جار وەک بەندیخانەیەک وابوو، هەروەها داوا دەکات حکومەت ئاسانکاری دروستکردنەوەی بەڵگەنامەی خێزانەکان بکات، کە ئەوەش هەنگاوێکی ئەرێنی دەبێت.
ئاماژە بەوەشدەکات، کە ناکرێت حکومەت بە زۆرەملێ خێزانەکان لە کەمپەکان بخاتە دەرەوە بێ ئەوەی جێگرەوەیەکی دیکەیان وەک نیشتەجێبوون و ئاو و چاودێری تەندروستی بۆ دابین نەکات هەست بە ئارامی نەکەن.
بەلقیس والی، توێژەری باڵا لە کاروباری قەیران و ناکۆکییەکان لە هیومەن رایتس وۆچ دەڵێت، دەرچوونی خێزانەکان لە کەمپەکان هەنگاوێکی ئەرێنییە، بەڵام ئەو رەوتەی ئێستا جۆرە زۆرەملێیەکی تێدا دەبینرێت کە خێزانەکان ناچار دەکرێت دەربچن.
ئەمە لە کاتێکدایە، مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لیژنەیەکی پێکهێنا بۆ داخستنی نزیکەی 17 کەمپ کە نزیکەی 60 هەزار 337 کەس تیایاندا نیشتەجێن و بە هۆی شەڕی داعش لە ساڵانی 2014 - 2017 ئاوارە بوونە.