لاڤرۆڤ: دۆخی غەززە بە نیوەچڵی ماوەتەوە
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، هۆشداریی دا گفتوگۆکردن لەسەر گەیشتن بە ئاشتییەکی هەمیشەیی لە کەرتی غەززە "پێشوەختەیە" و دۆخی ناوچەکە هێشتا لەوپەڕی ناجێگیریدایە.
لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی "تاس" سەبارەت بە دەرەنجامەکانی شەڕ لە ساڵی 2025، لاڤرۆڤ ڕایگەیاند: "دۆخی غەززە بە نیوەچڵی ماوەتەوە. ڕاپۆرتەکانی پێشێلکردنی ئاگربەست بە بەردەوامی دەگەن و هێشتا کۆسپ و تەگەرەی گەورە لەبەردەم گەیاندن و دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکاندا هەن."
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە وڵاتەکەی پێشوازی لەو نێوەندگیرییە نێودەوڵەتییانە کردووە کە قۆناغە خوێناوییەکەی شەڕیان ڕاگرت و ڕێگرییان لە "برسێتییەکی بەکۆمەڵ" کرد، بەڵام سێبەری نادڵنیایی بەسەر هەنگاوەکانی داهاتووی ڕێککەوتنی ئاشتییەوە ماوە.
لاڤرۆڤ چەند پرسیارێکی جەوهەریی وروژاند کە بە بڕوای ئەو هێشتا بێ وەڵام ماونەتەوە و ئاستەنگن لەبەردەم ئاشتی: حەماس چۆن چەک دادەماڵرێت؟ هێزی سەقامگیری نێودەوڵەتی لە کێ پێکدێت و کەی بڵاوەیان پێدەکرێت؟ ئایا هێزەکانی ئیسرائیل دەکشێنەوە و ئەگەر وایە کەی؟
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆاکنیدا، لاڤرۆڤ باسی لە پرسی ئێرانی کرد و ئاماژەی بەوە دا تاران لەبەرامبەر "ئیستفزازی و فشارەکانی ڕۆژئاوادا" ئەوپەڕی خۆگرتنی نیشان داوە. گوتیشی تاران هەمیشە دەرگای دیالۆگی سیاسیی بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی ئەو کێشە و ناکۆکیانەی کە ماونەتەوە، بە کراوەیی هێشتووەتەوە.
