سوودانی: عێراق ڕۆڵێکی گرنگ لە لێکنزیککردنەوەی ئەمەریکا و ئێران دەبینێت

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕایگەیاند، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ کۆماری ئێسلامی ئێران، لەسەر بنەمای پتەو دامەزراوە.

سوودانی، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی تەلەڤزیۆنی 'مەیادین' گوتی: پەیوەندی ئێمە و کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەسەر بنەمای پتەو دامەزراوە و لە زۆر بواری ئاینی و کۆمەڵایەتیدا هاوبەشین؛ جگە لەوانەش ئێران لە کاتی شەڕی 'داعش'دا پشتیوانیمانی کرد.

سەرۆک وەزیرانی عێراق، جەختیشی کردەوە "هەرگیز هەستم بە دەستێوەردان یان خۆ تێهەڵقورتاندنی ئێران لە کاروباری عێراقدا نەکردووە و پەیوەندییە دووقۆڵییەکانمان لەسەر ڕێڕەوێکی ئەرێیین."

سوودانی، گوتیشی: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا تایبەتمەندیی خۆیان هەیە، ئەمەریکا هاوبەشێکی ستراتیجیی عێراقە و بەشداری لە ڕووخاندنی ڕژێمی دکتاتۆری پێشوو کرد و لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا هاوکار و پشتیوانمان بوو. ئێمە پێکەوە پەیوەندییەکانمان لە چوارچێوەی ئەمنی و ئابووریدا ڕێکخستووە؛ عێراق دەتوانێت سوود لە کۆمپانیا و ئەزموون و تەکنۆلۆجیای ئەمەریکی وەربگرێت.

سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕوونیشی کردەوە "ڕێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیجی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکاندا، چەندین بواری فراوان لەخۆ دەگرێت کە پرسە ئەمنی و پەیوەندییە سەربازییەکان تێدەپەڕێنێت."

سوودانی گوتیشی: پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، هێزی ئەوەی پێ دەبەخشێت ڕۆڵێکی گرنگ لە لێکنزیکردنەوەی نێوانیان بگێڕێت.. ئێمە لەسەر ئەم هەوڵانە بەردەوامین بۆ ڕێکخستنی دیدارێکی دووقۆڵیی لە نێوان هەردوولادا لە بەغدا.

سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: بەرپرسانی ئیدارەی ئەمەریکا لە ڕێگەی 'تۆم باراک' نێردەی ئەمەریکا بۆ سووریا و عێراق، بە ئێمەیان ڕاگەیاندووە، ئامادەن گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی ئێرانی لە بەغدا بکەن. ئێمەش ئامۆژگاریی لایەنی ئەمەریکیمان کردووە کە بە ڕێزەوە مامەڵە لەگەڵ ئێران بکەن و لە هەڕەشە و گوڕەشە دوور بکەونەوە، چونکە دانوستان، پێویستی بە متمانەیە و ناکرێت لە ژێر سایەی هەڕەشە و دەستدرێژیی سەربازیدا بکرێت.

سوودانی، هەروا گوتی: ئێران ئامادەیە بۆ دانوستانی جددی بەبێ سەپاندنی مەرجی پێشوەختە یان هەڕەشە و نەبوونی متمانە، ئەمەش بۆچوونێکی لۆجیکییە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕوونی کردەوە "عێراق جەختی کردۆتەوە لەسەر پێویستیی لابردنی سزاکانی سەر ئێران وەک دەستپێشخەرییەکی نیازپاکی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتن."

سوودانی، لە کۆتای قسەکانیدا گوتی: حکوومەتەکەمان بە هێمنی کاری کردووە بۆ گەڕاندنەوەی ڕۆڵی پێشەنگانەی عێراق لە ناوچەکەدا و ئەمڕۆ وڵاتەکەمان بەشێکە لە چارەسەری کێشەکان، دوای ئەوەی پێشتر، گۆڕەپانێک بوو بۆ جەنگ و یەکلاکردنەوەی ململانێکان.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل