بەهۆی قەیرانی دارایی و بێکاری خەمۆکی لە ئێران زیادی کردووە

ناوەندی نیشتمانیی توێژینەوەکانی زانکۆی پزیشکیی تاران ڕایگەیاندووە، لە ئێران، 12 ملیۆن کەس کە دەکەنە %13ی خەڵکی ئێران، تووشی خەمۆکی بوون، ئەم ئامارە دوو هێندەی تێکڕای تووشبووانی خەمۆکییە لەسەر ئاستی جیهان.

کیمیا سەیدی، دەروونناسێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە کوردستان 24ـی گوت: هۆی سەرەکیی نەخۆشیی خەمۆکی ئەوەیە خەڵک بەهۆی خراپیی دۆخی ئابوورییەوە ناتوانن پێداویستییەکانی ژیانیان دابین بکەن و بەوەش تووشی خەمۆکی دەبن. 

کیمیا سەیدی، گوتیشی: هەرچەند ئەو ئامارە فەرمییە، بەڵام ژمارەی ئەو کەسانەی تووشی خەمۆکی بوونە زۆر زیاترە؛ ئێستا 5.2 ملیۆن کەسی دیکە لە ئاماری پێشووی تووشبووانی خەمۆکی زیاد بووە، سەرباری ئەوەی بەشێکی زۆری خەڵک سەردانی ڕاوێژکاری دەروونی ناکەن و ئاماریان تۆمار ناکرێت. 

دانیال ئەوسەتی، هاووڵاتی، دەڵێت: دۆخی سیاسی و ئابووری وڵات، پشتگوێخستنی زانستە مرۆییەکان، وەک دەروونناسی و کۆمەڵناسی، دەبێتە هۆی زۆریی خەمۆکی و داتەپانی دەروونیی کۆمەڵگە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، پارێزگاکانی کرماشان و سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان زۆرترین تووشبووی خەمۆکییان تێدایە و لە پلەی یەکەم و دووەمی ئێراندان، چونکە کەمترین هەلی کار و زۆرترین ئاماری بێکارییان تێدایە. 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل