ئاگادارییەک بۆ ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند نەبوونە
سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان داوا لە سەرجەم ئەندامانی "کارا" دەکات، بە مەبەستی ڕێکخستنی لیستی ناوی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی پێشتر لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند نەبوون، دوای تەواوبوونی پشووەکانی سەری ساڵ سەردانی لق و نووسینگەکان بکەن.
بە پێی بڕیارێکی کارگێڕی کە ئەمڕۆ یەکشەممە 28ـی کانوونی یەکەمی 2025، بە واژۆی ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەرچووە، ئاگاداری سەرجەم ڕۆژنامەنووسانی ئەندامی "کارا" دەکرێتەوە کە لە ڕێگەی لیژنەی داکۆکی لە ئازادی و مافی ڕۆژنامەنووسانەوە، فۆرمێکی تایبەت بە زانیاریی ڕۆژنامەنووس پڕ بکەنەوە.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، پڕکردنەوەی ئەم فۆڕمە بە مەبەستی ڕێکخستنی لیستی ناوی ئەو ڕۆژنامەنووسانەیە کە تا ئێستا زەویی نیشتەجێبوونیان وەرنەگرتووە، وەک ئامادەکارییەک بۆ دابینکردنی ئەو مافە بۆیان.
سەندیکای ڕۆژنامەنووسان مەرجێکی بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمەکە داناوە و ڕایگەیاندووە: "پێویستە بە زووترین کات و لە ماوەی مانگی یەکی ساڵی 2026 تێپەڕ نەبێت، فۆرمی تایبەت لە لق و نووسینگەکانی سەندیکا پڕ بکرێتەوە."
سەبارەت بە جوگرافیای دابەشکردنەکە، سەندیکا ئاماژەی بەوە کردووە، کە پێدانی زەوی ئەندامانی کارای سەندیکا لە ناوەوەی هەرێم و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەگرێتەوە، وەک مافێکی هاوشێوەی فەرمانبەرانی هەرێم و ڕۆژنامەنووسانی ئەندامی سەندیکای عێراق.
سەندیکای ڕۆژنامەنووسان جەختی کردووەتەوە، کە بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدەن بۆ دەستەبەرکردنی ئەم مافە بۆ ڕۆژنامەنووسان.
سەندیکاکە دەڵێت: هەر ڕۆژنامەنووسێک کە ئەندامی کارای سەندیکاکە بێت، دەتوانێت لە مانگی یەکی ساڵی نوێ، دوای نێوەڕۆی ڕۆژانەی یەکشەممە، دووشەممە و چوارشەممەی هەموو هەفتەیەک، سەردانی سەندیکا بکات بە مەبەستی پڕکردنەوەی فۆڕمی وەرگرتنی زەوی.

