کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سیاسیی سوننەکان بەبێ ڕێککەوتن کۆتایی هات
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکان، بۆ یەکلاییکردنەوەی کاندیدێک بۆ سەرۆکایەیی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق، ناکۆکی تێکەوت و بەشێک لە سەرکردەکانی سوننە کۆبوونەوەکەیان جێهێشت.
یەکشەممە، 28ـی کانوونی یەکەمی 2025، محەممەد دەحام، سەرکردەی باڵای ھاوپەیمانیی عەزم، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکان، لەسەر دیاریکردنی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ڕێکنەکەوتن و کۆبوونەوەکە کۆتایی هات.
ئەو سەرکردە باڵایەی هاوپەیمانیی عەزم ئاماژەی بەوە دا، محەممەد حەلبووسی لە کاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بەر لە تەواوبوونی کۆبوونەوە کشاوەتەوە، کەمێکی دیکە ڕاگەیەنراوێکی فەرمی دەبێت.
کوردستان24 زانیویەتی، کۆبوونەوەکە لە ماڵی خەمیس خەنجەر بەڕێوە چوو، بەشێک لە سەرکردەکانی سوننە، بەهۆی ناکۆکیان لەسەر دیارییکردنی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بەر لە تەواوبوونی کۆبوونەوەکە هاتنە دەرەوە و کۆبوونەوەکەیان جێهێشت.
سەرۆک کۆماری عێراق لە مەرسومێکی کۆماریدا ڕۆژی 29ـی ئەم مانگەی وەک یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق دیاریکردووە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی، بەڵام تاوەکو ئێستا شیعە، سوننە و کورد نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەسەر دیاریکردنی کاندیدی پۆستەکانی سەرۆک وەزیران، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆک کۆمار.
