سامەڕائی سوورە لەسەر خۆکاندید کردن بۆ سەرۆکی پەرلەمان

موسەننا سامەڕائی، سەرۆکی هاوپەیمانیی "عەزم"، بە فەرمی کاندیدبوونی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند. 

ئەم هەنگاوەی سامەڕائی وەک کێبڕکێیەک دێت بەرامبەر بە "هەیبەت حەلبووسی"، لەلایەن بەشێک لە لایەنە سوننەکانەوە کە بە "ئەنجوومەنی سیاسیی یەکگرتووی هێزە سوننەکان" ناسراون، کاندید کرابوو. ئەم کێبڕکێیەش دەری دەخات لایەنە سوننەکان نەیانتوانیوە لەسەر کاندیدێکی هاوبەش ڕێکبکەون.

کاندیدکردنی هەیبەت حەلبووسی، لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە سەرۆکایەتیی خەمیس ئەلخەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی "سەروەری" ڕاگەیەندرا. خەنجەر ئاماژەی بەوە کرد؛ ئەم کاندیدە پاڵپشتیی چەندین هێزی سیاسیی هەیە، لەوانە: پارتی "تەقەدوم" بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی، هاوپەیمانیی "سەروەری"، هاوپەیمانیی "حەسم" (یەکلاکەرەوە) بە سەرۆکایەتی سابت عەباسی وەزیری بەرگریی، و هاوپەیمانیی "جەماوەری نیشتمانی" بە سەرۆکایەتی ئەحمەد جبووری (ئەبو مەزن).

لە بەرامبەردا، موسەننا سامەڕائی کە خۆی یەکێکە لە کەسایەتییە دیارەکانی ناو ئەنجوومەنی سیاسیی سوننەکان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕەخنەی لە شێوازی کاندیدکردنی هەیبەت حەلبووسی گرت و ڕایگەیاند: "پێکهێنانی ئەنجوومەنەکە لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی لایەنە براوەکان بووە و دەبێت بڕیارەکان بە تەوافوقی هەمووان بن." ئاماژەی بەوەش کرد؛ کاندیدکردنی حەلبووسی نوێنەرایەتی ئیرادەی گشتیی ئەنجوومەنەکە ناکات، بەڵکو تەنیا گوزارشت لەو حزبانە دەکات کە پاڵپشتییان کردووە.

بڕیارە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 29ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی خۆی ئەنجام بدات. کارنامەی دانیشتنەکە بریتییە لە سوێندخواردنی یاسایی ئەندامانی نوێ و هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەی.

شایەنی باسە، بەپێی ئەو عورف و دابونەریتە سیاسییەی لە دوای ساڵی 2003وە لە عێراق پەیڕەو دەکرێت، پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بۆ سوننەکان، جێگری یەکەم بۆ شیعەکان و جێگری دووەم بۆ کوردەکان دیاری کراوە.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل